نەوتهەڵگرەکان، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر گیانی کوردستانییانن

15:51 - 17 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: تانکرێکی نەوتهەڵگر، لە جادەی سنە- مەریواندا وەرگەڕا و خەسارێکی گەورەی بە ژینگەی ناوچەکە گەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی پێنجشەممە، ١٦ی جۆزەردان، تانکرێکی نەوتهەڵگر لە جادەی سنە- مەریواندا وەرگەڕا و جادەکەی بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر داخست.

بە وەرگەڕانی ئەم نەوتهەڵگرە و ڕژانی مەوادی نەوتی بۆ نێو ڕووبار، جارێکی دیکە ژینگەی ناوچەکە بەرەوڕووی هەڕەشەی جیددی بووەتەوە.

ئەم ڕووداوە، جگە لەوەی کە پیسبوونی ژینگەی ناوچەکەی لێکەوتەوە، ترافیکێکی بە درێژایی ٤٠ کیلۆمەتر دروست کرد و زیاتر لە ٤ کاتژمێر جادەکەی داخست.

وێڕای ئەوەی کە لەم ڕۆژانەی پشوودانە، موسافرێکی زۆر سەردانی کوردستان و مەریوانیان کردووە، نەوتهەڵگرەکان زۆرتر لە هەمیشە لە هاتوچۆدان و هەڕەشە لە گیانی خەڵک دەکەن.

ساڵانە بە هۆی دۆخی نالەبار و ناستانداردبوونی جادەکانی کوردستان، چەندین ڕووداوی لەم جۆرە ڕوو دەدات کە وێڕای ئەوەی کە گیانی دەیان کەس دەگرێت، ژینگەی ناوچەکەش لەنێو دەبات.

هەر لەم پەیوەندییەدا و لە ماوەی ساڵانی پێشدا، چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی کوردستان، سەبارەت بە دۆخی نالەباری جادەکانی کوردستان و هاتوچۆی لەڕادەبەدەر و بێخێریی نەوتهەڵگرەکان، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و لە مەریوانیشدا چەندین کەس لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کرابوون.