نەغەدە/ چالاکێکی مەدەنی بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

15:58 - 23 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنی لە شاری نەغەدە بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ٢١ی بانەمەڕ، شەهاب ئەحمەدی ئازەر کوڕی ئەحمەد دوای ١٧ ڕۆژ لە دەستبەسەری گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی.

ناوبراو کە لە ڕۆژی ٦ی بانەمەڕەوە دەستبەسەر کرابوو، دوو ڕۆژ پێش، لە زیندانی ناوەندیی شاری نەغەدە ئازاد کرا.

هەواڵدەریی کوردپا لە زاری یەکێک لە نزیکانی ئەو خوێندکارەی قۆناغی دوکتوراوە ڕایگەیاند: دادگای ئینقلاب بە دانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ڕەزامەندی لە سەر ئازاد بوونی شەهاب دەربڕی.

دادوەری دادگای شاری نەغەدە، تۆمەتی\" ئەندام بوون لە کۆمەڵەی بەرهەڵستکارانی وڵاتی\" وەپاڵ ئەو چالاکە مەدەنییە داوە.

ئەو هەواڵە نێردراوە باس لە ئەوە دەکات کە شەهاب ئەحمەدی ئازەر لە حەوتووی ڕابردوودا لە ژووری تاکەکەسیی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەغەدە بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزراوە.

پێشتر، ئاژانسی کوردپا لە هەواڵێکدا، دەستبەسەر کردنی شەهاب ئەحمەدی ئازەر تەمەن ٣٢ ساڵەی بڵاوکردبووەوە.

لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو نوێنەرە کە شیاویی بۆ مەجلیسی دەیەم ڕەد کرابووەوە، ماڵەکەی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە پشکێنرا و هەروەها کەرەسەکانی وەک لەپ تاپ، تەبلێت، موبایل و هێندێک لە کتێبەکانی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان برد.

ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی‌دا لە لایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعات، بانگهێشت و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە ژووری تاکەکەسی ئەو ئیدارەیە ڕاگیرابوو.