نەغەدە: زیندانییەکی سیاسی دوای تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ئازاد کرا

13:21 - 16 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، دوای تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‏شەممەی حەوتووی ڕابردوو، سزای ٨ مانگ زیندانیی کامیل مام شێخ کوڕی محەممەد، کۆتایی پێهات و ناوبراو ئازاد کرا.

مام شێخ لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووەوە زیندانی کرابوو.

ئەو زیندانییە تەمەن ٣٩ ساڵە، سەرەتای مانگی بانەمەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی و دوای بانگهێشت کران بۆ ناوەندی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی نەغەدە، دەستبەسەر و ڕەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکان کرابوو.

\"28942.jpg\"
کامیل مام شێخ
لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی نەغەدە بە پشتبەستن بە مادەی ٤٩٩ و ٥٠٠ی یاسای سزا ئیسلامییەکان، بە تاوانی \"هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران\" سزای ٢ ساڵ و ٨ مانگ زیندانی بەسەر کامیل مام شێخ‏دا سەپاند.

دواتر دادگای پیداچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا سزای دادوەر غولامیی ڕەد کردەوە و سزاکەی بۆ ٨ مانگ زیندان، کەم کردەوە.

کامیل مام شێخ، دانیشتووی گوندی \"خەلیفان\" ی نەغەدەیە کە پێشتریش چەندین جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کرابوو.