نەغەدە؛ دوو هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە ئازاد کران

10:19 - 22 بەفرانبار 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەحەد مەولوودی" کوڕی "موتەلیب"، خەڵکی گوندی "یوونسلیان" و "حوسێن خەلیانی" کوڕی "خوسرەو" خەڵکی گوندی "کووئیک" سەر بە شاری نەغەدە، بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارە ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە گرتنگە ئازاد کراون.

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردبوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەکی ئەوتۆ بەدەست نەهاتووە.