نەغەدە؛ دوو زیندانی سیاسیی کورد لە ڕەوانەکردنیان بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بێبەری کراون

13:44 - 28 جۆزەردان 2722

دوو زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی "عەزیز قادرتاج و کەماڵ قویتاسی"، لە زیندانی نەغەدە، کە تووشی ئازاری پشت و جومگە هاتوون، لە ڕەوانەکردنیان بۆ دەرەوەی زیندان بێبەری کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا لە زیندانی نەغەدە، ئەو دوو زیندانییە سیاسییە لە زیندانی نەغەدە بەهۆی پشتئێشە و جومگەکانیان ئازار دەچێژن، لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانە لە ڕەوانەکردنیان بۆ دەرەوەی زیندان بێبەری کراون.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لە زیندانی نەغەدە ئەوەشی خستەڕوو: "عەزیز قادرتاج و کەماڵ قویتاسی، تەنانەت لەسەر عەرزی ناو بەندەکە دەخەون و بەرپرسانی زیندان لە دابینکردنی تەخت بۆیان خۆیان بواردووە".

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی جۆزەردان، کەماڵ قویتاسی و عەزیز قادرتاج، دوو زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شنۆ لە زیندانی ئەو شارە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوون.

ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردان، کەماڵ قویتاسی پاش بانگهێشتکردنی بۆ لقی جێبەجێکاریی سزاکانی دادگای ئینقلابی شنۆ، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

هەروەها، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی جۆزەردان، عەزیز قادرتاج مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی گوندی "نەرزیوێـ"ـی شاری شنۆ، پاش بانگهێشتکرانی بۆ دادگای ئینقلابی ئەو شارە دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو مامۆستا کوردە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوە پێی ڕاگەیەندرابوو.