نەخۆشییەکی کوشندەی مانگا، رووی لە کوردستان کردووە

22:11 - 21 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: جۆرێک نەخۆشی ڤایرۆسی، کەلە ئەفریقاوە هاتووەو لە رەشەوڵاخەکانەوە بۆ یەکتر دەگوازرێتەوە، بەرهەمە ئاژەڵی‌یەکانی کوردستانی ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی دوو حەفتەی رابردوودا بەشێک لە شوێنەکانی بەخێوکردنی مانگا لە بەشێ رۆژئاوای ئێران، تووشی نەخۆشی پێستیی \"لمپی ئیسکین\" بوون زیانی بە شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ئەو ئاژەڵانە گەیاندووە.

لمپی ئیسکین نەخۆشییەک لە جۆری ئاوڵەی مانگایە و بە دزە کردنە ناو جەستەی مانگای نەخۆش بەرەبەرە بەرەو منارەوە بونوی دەبات.

\"20465.jpg\"
لمپی ئیسکین نەخۆشییە‌کی تایبەت رەشەوڵاخەو ئاژەڵەکانی دیکە، ڤایرۆسی ئەم نەخۆشییە ناگرنەوە
هۆکاری گواستنەوەی ئەو نەخۆشییە \"مێشوولە و جڕ و جانەوەرە خوێنخۆرەکان\"ـە و بەخێرایی تەشەنە دەکات و هەتا ئێستا دەرمانێکی دیاریکراوی بۆ نەدۆزراوەتەوە.

تاو، هاتنە خوارەوەی ئاو لەچاوان، کەمخۆری و کەمبوونەوەی شیر، لە نیشانەکانی نەخۆشیی لمپی ئیسکین، کەلە ئەفریقاوە سەرچاوەی گرتووە، ئەژمار دەکرێن.

وەێتاڵ(دامپزیشک)ـەکان رایانگەیاندووە: ئەم نەخۆشییە تایبەت رەشەوڵاخەو ئاژەڵەکانی دیکە، ڤایرۆسی ئەم نەخۆشییە ناگرنەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتوون، هەنووکە لە شوێنەکانی بەخێوکردنی مانگا لە شارەکانی چەرداوڵ و پێنج گوندی گوندی شاری بۆکان و سێ گوندی میاندواو و چەندین شوێنی دیکەی بەخێو کردنی مانگا لە دەوروبەری ناوچەکانی بانە و سەقز وەکوو ناوەندی ئەو نەخۆشییە، لە قەڵەم دراوە.

هەروەها تاقیگەی رێکخراوی وەیتاڵ(دامپزیشک)ـی، حاڵەتەکانی ئەو نەخۆشییەی لە شوێنەکانی بەخێوکردنی رەشەوڵاخ و هەروەها گوندەکان لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، ئیلام، کوردستان و کرماشانی بە فەرمی پشتڕاست کردۆتەوە.

هەنووکە پلانی نەهێشتن و بنبڕکردنی ئەو نەخۆشییە و بەرنامەی بێهداشتی و لەناوبردنی رەشەوڵاخەکانی تووشبوو بەو نەخۆشییە، چوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بەپێی ئامارە نیوە فەرمی‌یەکان، لەماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا زیاتر لە ٣٠٠ سەر رەشەوڵاخ بەهۆی ئەو نەخۆشی‌یەوە لە ناو بردراون.

زیاتر لە ١٨ ملیۆن سەر رەشەوڵاخی گەورە و بچووک لە ئوستانەکانی ئیلام، ئازەربایجانی رۆژئاوا، کرماشان، و کوردستان بوونیان هەیە، کەلە ئەگەری کۆنتڕۆڵ نەکرانی دەم ودەستی ئەو نەخۆشییە، خەسارێکی گەورە بەر ئەو ناوچانە دەکەوێت.