نەخۆشخانەی پاوە لە ماشینی کەسی بۆ گواستنەوەی نەخۆش بۆ نەخۆشخانە کەڵکی وەرگرتووە

13:15 - 21 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: نەخۆشخانەی شاری پاوە، بۆ گواستنەوەی نەخۆش لەو نەخۆشخانەیە بۆ نەخۆشخانەی شاری کرماشان، لە ماشینی کەسی کەڵکی وەرگرتووە کە ڕووداوی هاتوچۆ و گیان لەدەستدانی نەخۆشەکەی لێکەوتووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی پاوەیی کە تووشی سووتان ببوو، لە کاتی گواستنەوە لە نەخۆشخانەی ئەو شارەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری کرماشان، لە جادەی نێوان پاوە- ڕوانسەردا بە ماشینی کەسی تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون و گیانی لەدەست دا.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو، لە گوندی "نەسمە"ی شاری پاوە، بەهۆی تەقینەوەی بێنزین لە ماڵی هاووڵاتییەکدا، کەسێک بە ناوی "پوورمەند" و چەند کەسی دیکە تووشی سووتاوی بوون و ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری پاوە کران.

بەهۆی ڕێژەی سووتاویی برینداربووانەوە، نەخۆشخانەی شاری پاوە ئەو هاووڵاتییانەی بە ماشینی کەسی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری کرماشان کرد و لە جادەی پاوە- ڕوانسەردا تووشی ڕووداو بوون و دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا.

نەخۆشخانەی شاری پاوە، لە ماشینی کەسی بە جێگای ئامبۆڵانس کەڵکی وەرگرتووە، کە بووەتە هۆی ئەو ڕووداوەوە و گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی لێکەوتووەتەوە.