نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران، \"بزووتنەوەی خوێندن بە زمانی زگماکی\"یان وەرێخست

19:31 - 23 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک چالاکی نەتەوە جیاجیاکانی ئێران بە پێکهێنانی کەمپێنێک خوازیاری پشتیوانی لە \"مافی خوێندن بە زمانی زگماکی\"، لە سەرتاسەری ئێراندا بوون.

لەو کەمپەینەدا کە هەتا رۆژی ٢ی مانگی رەشەممە (رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی) بەردەوام دەبێت، چالاکانی تورک، ئازەری، کورد، بەلووچ، عەرەب و تورکمەنی بەشدار لە بزووتنەوەی خوێندن بە زمانی زگماکی، بەشێوەیەکی بەرین دەستیان بە ناونووسی و واژۆ کۆ کردنەوە کرد.

بەرێوەبەرانی کەمپەیەنکە رایانگەیاندووە، کە لە کۆتایی رۆژی ئاماژە پێکراودا، دەقی نامەیەک هاوپێچ لەگەڵ ناوی واژۆکاران بۆ ناوەند و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەنێرن.

دەقی بەیاننامەی کەمپەینی مافی خوێندن بە زمانی زگماکی لە ئێران بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، کە لێرەدا وەکو خۆی بلاو دەکرێتەوە:

کەمپینی\" مافی خوێندن بە زمانی دایک لە ئێران\"دا ، دامەزرا ژمارەیەک لە چالاکانی ئێرانی پێکهاتوو لە نەتەوەکانی \" تورکی ئازەری، کورد ، بەلووچ ، عەڕەب و تورکمەن\" بە مەبەستی پشتیوانی لە زمانی دایک ، کەمپینێکیان پێکهێناوە کە لەودا داوا لە خەڵک دەکەن ناو و واژۆی خۆیان بۆ پشتیوانی لەو کەمپینە بنووسن .

ئەم کەمپینە هتا ڕێکەوتی ٢١ی فێڤریە ( رۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایک ) درێژە دەکێشێ و لە کۆتاییدا و لە شێوەی نامەیەک بۆ ڕێکخراوەکان و ناوەندەکانی پەیوەندیدار و مافی مرۆڤ، دەنێردرێ.

دەقی کەمپینی \" مافی خوێندن بە زمانی دایک لە ئێران\" دا بە شێوەی خوارەوەیە بزووتنەوەی خوێندن بە زمانی دایک لە ئێراندا بە پێی کۆنڤانسیۆنەکانی جیهانیی تایبەت بە مافی زمان، مافی خوێندن بە زمانی دایک مافی سروشتی و دێمۆکراتیکی سەرجەم مناڵانە. بزووتنەوەی خوێندن بە زمانی دایک لە ئێراندا روو لە گەشەسەندنە . بە ڕۆژانە ژمارەیەکی زیاتر لە دایکان و باوکان لە ناوچەکانی ئێرانەوە پەیوەست بەم بزووتنەوە دەبن و خوازیاری خوێندنی منداڵەکانیان بە زمانی دایک لە قوتابخانەکان دان . بێبەش کردنی خوێندن بە زمانی دایک، وێرای ئەوەی خەسار لە باری دروونی مناڵان ئەدات، پپێشێلکردنی ئاشکرای مافی وەک یەکی شارومەندانی ئێرانیشە .

بۆ ئەوەی بزووتنەوەی \" خوێندن بە زمانی دایک \" بتوانێ هەنگاو گەلێکی کاریگەرتر هەڵێنێتەوە پێویستی بە پشتیوانی خەڵکی ئازادیخواز و ناوەندە سیاسی و مەدەنییەکان هەیە . هاوکات لەگەڵ پەرەساندنی ئەم بزووتنەوەیە ، بناژۆخوازانی کۆماری ئیسلامی لە یەکێک لە ناوەندەکانی فەرهەنگی ( فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی) نیگەرانی خۆیان لە خوێندن بە زمانەکانی دایک ڕاگەیاند . هێندێک لە ئەندامانی ئەم ناوەندە گوتیان کە: خوێندنی نەتەوەکان بە زمانی دایکیان بۆنی پیلان لێدێت و دەبێتە هۆی لاواز بوونی زمانی فارسی . ناسیۆنالیست و ئیسلامگەرا توندڕەوەکانی کۆماری ئیسلامی بە هێنانەوەی ئەم بیانووە ناتەواو و نادێمۆکراتیکە هەوڵ ئەدەن تا لە وەدیهاتنی مافی دێمۆکراتی خوێندنی مناڵان بە زمانی دایک ڕێگری بکەن.

ئێمە هەڵوێستی ئەم دواییەی \" فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی\" بە دژی بنەماکانی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ و ڕاگەیەنراوی جیهانی مافی زمان دەزانین ، ئەم هەڵوێستانە لە خزمەت بە سیاسەتی تاکڕەویی و سەرکوتکەرانە دایە کە منداڵانی غەیرە فارسی کردۆتە ئامانجی خۆی . بە بڕوای ئێمە \" بزووتنەوەی خوێندن بە زمانی دایک\" نەتەنیا دژی هیچ نەتەوە و تاقمی قەومی و زمانی نییە ، بگرە لە راستای بەهێز کردنی یەکیەتی مرۆیی لە هەموو ئێراندایە . پێوسیترین خواستی ئەم بزووتنەوەیە لە هەلومەرجی ئێستادا دەست پێکردنی خێرای خوێندنی مناڵان بە زمانی دایک وەک تورکی، کوردی، بەلووچی، عەرەبی، تورکەمەنی و لە ناوچەکانی نەتەوەیی خۆیان دایە.

حکوومەتی ئیسلامی ئێران بەرپرسیارە تا خواستی دێمۆکراتی \" خوێندن بە زمانی دایک\"ی مناڵانی غەیرە فارس جێبەجێ بکات. ئەم خواستەی گەلانی ئێران کاتێک وەدی دێ کە کەشی فەرهەنگی وڵات کرانەوە بە خۆیەوە ببینێ و دەرماڵەی کولتووری خوێندنی هەموو منالان بە زمانی دایک بە شێوازێکی یەکسان دابەش بکرێ . گوێ پێنەدانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەم خواستە بەرهەقانەی گەلان ، ڕێگایەک بێجگە لە دەربرینی نارەزایەتی لەهەمبەر سیاسەتەکانی دەوڵەت و گواستنەوەیان بۆ ناوەندە نێونەتەوەییەکان ( یۆنسکۆ و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان) بە دەستەوە ناهێڵێتەوە . هەوڵدان بۆ وەدیهاتنی خواستی \" خوێندن بە زمانی دایک\" ڕێگە بۆ یەکیەتی سەرتاسەری گەلانی ئێران پێک دێنێ. بۆ ناونووسی و واژۆ کردنی کەمپەین لەو لینکەی خوارەوە دا ناوی خۆتان تۆمار بکەن.