نەتەوە یەكگرتووەكان: حكوومەتی سووریە منداڵان وەك سپەری مرۆیی بەكار دێنێ‌

17:02 - 23 جۆزەردان 2712
كوردپا: رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوی كردەوە، حكوومەتی سووریە منداڵانی ئەو وڵاتە وەك سپەری مرۆیی بەكار دێنێت و هەروەها كۆمەڵێكی زۆر منداڵی دەستبەسەر و ئیعدام كردووە.

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە تازەترین راپۆرتی خۆیدا لەبارەی رەوشی سووریەوە، بارودۆخی ئەو وڵاتەی بە شپرزە وەسف كردووە و لەبارەی كوشتاری منداڵان و هاووڵاتییانی غەیرە نیزامی لەو وڵاتە هۆشداریی داوە.

بەپێی ئاماری رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە سەرەتای خۆپیشاندان و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان لە سووریە كە زیاتر لە 15 مانگە بەردەوامە هەتا ئێستا نزیك بە 15 هەزار هاووڵاتی بوونەتە قوربانی كە زیاتر لە هەزار و 200 كەسیان منداڵ بوون.

رادیكا كومارا سوامی، نوێنەری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری منداڵان وتوویەتی: \"بەدەگمەن جینایەتی بەم چەشنەم دەرحەق بە منداڵان بینیوە، بە چەشنێك كە منداڵان دەستبەسەر و ئەشكەنجە دەكرێن و وەكوو سپەری مرۆیی بەكاریان دەهێنن\".

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە: \"منداڵانی تەمەن 9 ساڵ بە توندی ئەشكەنجە و ئازار دراون و هەروەها لە گرتنگەكانی حكوومەت دەستدرێژییان كراوەتە سەر\".
\"4836.jpg\"
داخوازیی دانیشتوانی گوندێكی سووریە بۆ یارمەتی:لەلایەكی دیكەشەوە دانیشتوانی گوندی \"ئەلحفە\"ی سەر بە شاری لازقیە داوایان لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی دیكەی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ كردووە بۆ یارمەتی و رزگار كردنی گیانی ژنان و منداڵانی ئەو گوندە لە مەترسیی گوللەبارانی قورسی هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی سووریە كە لە هەشت رۆژ لەمەوپێشەوە دەستی پێكردووە، هەوڵەكانی خۆیان بخەنە گەڕ.

چالاكانی مافی مرۆڤی سووریە رایانگەیاندووە، بەهۆی گوللەبارانی خەست و ئەمنیەتی بوونی ئەو ناوچە، یارمەتی گەیاندن و دەرمان كردنی بریندارانی ئەو ناوچەیە ئیمكانی نیە.

دژەبەرانی حكوومەتی سووریە رایانگەیاندووە كەمی و نەبوونی مادەی خۆراكی لە ناوچەی \"ئەلحفە\" دانیشتوانی تووشی نیگەرانی كردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی سووریە مەزار و شاخەكانی گوندنشینانیان لە ناوچەی\" ئەلحفە\" و دارستانەكانی دەورووبەریان ئاگر تێبەر داوە و خەڵكەكەیان گەمارۆ داوە.

هەرچەند بان كی‌مۆن سكرتێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە حكوومەتی سووریە كردووە ئیزن بدات كە چاوەدێرانی ئەو رێكخراوە سەردانی شوێنی ئاڵۆزییەكان بكەن، بەڵام سووریە لەو كارە خۆی دەبوێری و توندوتیژی دژە بە خەڵك و كوشتارەكان بەردەوامن.