نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەمبەر گیانلەدەستدانی بەندکراوێکی کورد هاتە دەنگ

22:41 - 15 خاکەلێوه 2720

وتەبێژی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری وڵامدانەوەی بەرپرسانی ئێرانی سەبارەت بە کوشتنی دانیال زەین‌عابدینی مێرمنداڵی کوردی خەڵکی مەهاباد بوو کەلە گرتووخانەی میاندواو لەژیر ئەشکەنجەدا کوژراوە.

ڕۆپرت کلویل، وتەبێژی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا، کە ئەمڕۆ هەینی ١٥ی خاکەلێوە، بڵاو کراوەتەوە، نیگەرانیی خۆی لە کوژرانی زیندانییەک بارودۆخی زیندانییانی دیکە دەربڕی و خوازیاری وڵامدانەوەی بەرپرسانی ئێران بووە.

لە بەیاننامەکەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە: "ئێمە بە بڵاوکردنەوە و بیستنی ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە کوژرانی مێرمنداڵێک بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی مەئموورانی زیندان تووشی ترس و سەرسامی بووین".

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەی ئەو ڕێکخراو مرۆییەدا هاتووە: "تاوانبارکردن بە کوشتن و سەپاندنی حوکمی سێدارە بەسەر ئەو مێرمنداڵە، لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧ لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە، ڕای دەگەیەنین  ئەو مێرمنداڵە بێتاوانە، هەروەها ئێمە چەندینجار ڕامان گەیاندووە کە سزای لەسێدارەدانی ئەو کەسانە کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە لە کاتی تاواندا، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، قەدەغەیە و دەبێت ئەو حوکمە هەڵبوشێنرێتەوە".

بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکات دەڵێت: "ئیمە بەرپرسانی ئێران ئاگادار دەکەینەوە کە ئەرکێکی قورسیان سەبارەت بۆ پاراستنی گیانی ئەو کەسانەی کە لەژێر لێکۆڵینەوەدان لەسەرە و داوا لە بەرپرسانی ئێرانی دەکەین لە دەستبەجێ تیمێکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بێلایەن سەبارەت بە گیانلەدەستدانی دانیال زەین‌عابدینی  پێک بهێنێت و بەرپرسانی ئەو تاوانە دەبێت وڵامدەر بن".

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٩ی خاکەلێوە بەندکراوانی دوو بەندی گرتووخانەی مەهاباد، لە هەمبەر پێنەدانی مورەخەسی بەو زیندانییانە و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ناڕەزایەتییان دەربڕی و  لەو ناڕەزایەتییەدا، دانیال زەین‌عابدینی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەندکراوانی زیندانی مەهاباد بۆ زیندانی "میاندواو" دوور خرابووە و لەژێر ئازار و ئەشکەنجە مەئموورانی زیندان گیانی لەدەست دابوو".