نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی مافی مرۆڤی ئێرانی مەحکووم کرد

16:11 - 26 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەیەکی ڕێژەیی دەنگیان بە پێشلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە بیست و پێنجەمی خەزەڵوەر، کۆمیتەی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارنامەی پێشێلکرانی مافی مرۆڤی ئێرانی پەسند کرد.

پەسندی بڕیارنامەکە بە ٨٥ دەنگی ئەرێ، ٣٥ دەنگی نا و ٦٣ دەنگی بێ لایەن، لە ٧١ـەمین دانیشتنی کۆڕی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان گەیشتووەتە ئاکام.

\"\"ئەوساڵ ڕێژەی دەنگی ئەرێ بە بەراوردی پار، ٩ ژمارە زیاتر بووە.

لە دەقی پیشنیارکراوی دەوڵەتی کانادا بۆ کۆمیتەی سێهەم، داوای نەهێشتنی هەڵاواردن دژبە کەمینە نەتەوەییەکان، دەستبەسەر و ئەشکەنجەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ئێراندا کراوە.

بەلانیکەمەوە، ١٠٠٠ زیندانیی سیاسی پێکهاتوو لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، چالاکانی کەمینە نەتەوەییەکان، ڕۆژنامەوانان، وێبلاگنووسان و هونەرمەندان لە ئێراندا بوونیان هەیە.

ئامریکا، بریتانیا، عەرەبستان و کانادا دەنگی ئەرێ و عێراق، سووریە، زیمبابوە و ڕووسیەش دنگی نایان بەو بڕیارنامەیە داوە.

هەروەها بڕیارنامەکە داوا لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەکات کە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرکۆماری بە شێوەی \"ئازادانە\" و لە \"کراوەیی سیاسی\" بەڕێوە ببات.

ئێران وەک ساڵانی ڕابردوو وێڕای ڕەت و مەحکووم کردنی بەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم بڕیارنامەیەی بە \"ئامرازی\"،\"سیاسی\" و \"دوور لە کەتواری کۆماری ئیسلامی\" لێکدایەوە.

ماوەیەک پێش ئێستا عەلی موتەهەری لە جێگرانی بەرپرسی مەجلیسی ئیسلامی گوتبووی کە؛ ڕەخنەکانی مافی مرۆڤی لە ئێران، لەجێی خۆیدایە.

بە دەیان ناوەند و خاوەن پلەی دەوڵەتی ئێران لەلایەن ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپاوە بە تاوانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گەمارۆی نێونەتەوەییان لەسەرە.