نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی دیکەی لە دژی کۆماری ئیسلامی پەسند کرد

12:18 - 17 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: کومیتەی مافەکانی منداڵان، سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێوەندی لەگەڵ پێشێل کردنی مافەکانی منداڵان لە ئێران، بڕیارنامەیەکی دەرکرد.

ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندان، بەرزترین ناوەندی نێونەتەوەیی بۆ مافەکانی منداڵان، بڕیارنامەیەکی لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی خراپی منداڵان، بەتایبەت کچانی ژێر ١٨ ساڵ، لە ئێراندا پەسند کرد کە تێیدا،\"حجاب\"ی زۆرەملەی کچانی منداڵکارەی، بە پێشێل کردنی ئاشکرای بەڵێن نامە نێونەتەوەییەکانی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵان ناو بردووە.

لە بڕیارنامەی ئاماژەبۆکراودا هاتووە؛ ناچارکردنی کچان بۆ ڕەچاوکردنی \"حجاب\" لە شوێنە وەرزشییەکان، ناوەندە فەرهەنگی و هونەرییەکان و ئیزن نەدان بەم توێژە بۆ بەشداری لە یاریگا وەرزشییەکان، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی منداڵانە و ئەمەش جێگەی نیگەرانییە.

کۆمیتەی مافەکانی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها داواکارە ئێعدامی مێرمنداڵان بە زووترین کات ڕابگیرێت و مافی منداڵانی کەمینە مەزهەبی و ئێتنیکی و جنسییەکان، ڕەچاو بکرێت و مێکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەری کێشەی منداڵانی کار و منداڵانی سەر شەقام و منداڵانی کەم ئەندام بگیرێتە بەر.

دوایین ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئێراندا، منداڵان لە دۆخێکی خراپدان و یاساکانی حکومەتی ئیسلامیش ڕێگەخۆشکەرن بۆ بەردەوامیی ئەم ڕەوشە.