نەبوونی ئەمنییەتی گیانی لەئوستانی کرماشان هاووڵاتییانی هێنایە سەر شەقام

14:44 - 13 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: ئوستانی کرماشان لەنێو ئوستانەکانی دیکەی ئێران بە بێکارترین شوێن ناسراوەو ئەو بێکارییەش چەندین خەساری کۆمەڵایەتیی بۆ ئەو ئوستانە بەدوای خۆیدا هێناوە و یەک لەو خەسارانە نەبوونی ئەمنیەت لەشارەکانی ئوستانی کرماشان دایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای هاتنە ئارای چەندین رووداوی جێگای گومان کە پێوەندیی بە نەبوونی ئەمنیەت لەئوستانی کرماشاندا هەبوو، هاووڵاتیانی شارستانی شائاباد (ئیسلام ئابادی غەرب) خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد.

رۆژی شەممە رێکەوتی ١٢ی رێبەندان ژماریەکی بەچاو لە دانیشتوانی شارستانی شائاباد بە شێوەیەکی خۆرسک خۆپیشاندانێکیان وەرێ‌خست و تێیدا خوازیاری دابین کردنی ئاسایش و ئەمنیەت بۆ شار و ئوستانەکەیان بوون.

یەکێک لەخۆپیشاندەران بە هەواڵنێری کوردپا لە ئوستانی کرماشانی راگەیاندووە، ئەو خۆپیشاندانە لە ئەنجامی هاتنە ئارای\"قەتڵ\"‌ـە گوماناوییەکانی ئەو دواییانە وەرێ‌خراوە و خۆپیشاندانەکە لە مەیدانی \"معلم\"‌ـەوە بۆ مەیدانی \"ئیمام\" درێژەی هەبوو.

ئەو هاووڵاتییە کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتیشی: خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە پێشیان پێ‌گیرا و دەیانهەویست بڵاوەمان پێ‌بکەن، بەڵام ئێمە لە دروشم دان بەردەوام بووین و چووینە بەردەم فەرمانداریی شارستانی شائاباد.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی شارستانی شائاباد لەدرێژەی لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە دروشمی \"نوێنەری دەوڵەت هۆکاری توندوتیژی و کوژرانە\"‌مان دەوەتەوە و دواتر دادستان و فەرمانداری شائاباد بەڵێنی ئەوەیان بە خۆپیشاندەران دا کە بکوژان و بکرانی کردەوە توندوتیژییەکان دەستبەسەر دەکەن.

سەرچاوەکە گوتیشی؛ \" ئەو بەڵێنییە بێ بنەمایانەی بەرپرسان لەگەڵ دژکردەوەی خۆپیشاندەران بەرەوڕوو بوویەوە و خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشمی ( ترێشەی تاوانەکان بدۆزنەوە و نا بۆ سێدار و بەڵێ بۆ عەداڵەت) ئیزنی قسە کردنیان بە بەرپرسان نەدا.

بەوتەی هاووڵاتیان، ئوستانی کرماشان زۆرترین رێژەی بیکاریی تێدا هەیە و ئەو دیاردەیەش لە روودانی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو، خۆکوژی، کوشتنی ئەنقەست، تاوان و لێکترازانی شیرازەی بنەماڵەکان رۆڵ و کارێگەریی هەیە و ئوستانی کرماشان سەرەڕای هەبوونی کانزا و سەرچاوەی سروشتی، لاوەکانی بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن.

بەپێی ئاماری خودی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران، زیاتر لە ٢٥% ـی خەڵکی کرماشان بێکارن و سەرجەم ئەو هەوڵانەی کە بۆ بنبڕ کردنی ئەو قەیرانەش دراوە، بێ‌ئاکام ماونەتەوە.

لە ماوەی رابردوودا دەیان حاڵەتی کوشتن لە ئوستانی کرماشان تۆمار کراوە و دوایین حاڵەتی توندوتیژی لەشارستانی شائاباد کوژرانی گوماناوی ژنێک بەناوی ئیلهام مەهدیان تەمەن ٢٩ ساڵ بوو کە تەرمەکەی لەسەر رێگەی شائاباد ـ گیلانی غەرب فرێ‌درابوو.

ئەو ژنە فەرمانبەری بانکی میللەت \"لقی حەدادی عادڵ\" لە شاری شائاباد (ئیسلام‌ئابادی غەرب) بوو.

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ لەمەوبەر ئیمام جومعەی شارستانی سەحنە لەلایەن چەند کەسی نەناسراوەوە درابوویە بەر لێدان و کوتان و بە وتەی شایەتحاڵان سەرەڕای بەدواداچوونی ئەو پیاوە ئایینییە، دەزگا قەزاییەکان هیچ هەوڵێکیان بۆ دەستبەسەر کردنی هێرشبەران نەداوە.