نەبوونی ئیمەنیی كار، گیان لەدەست دانی كرێكارێكی كامیارانی لێكەوتوەوە

20:10 - 8 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: كرێكارێكی كورد لە كاتی كاركردن لە شاری سنە بەهۆی رووداوی كارەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی كوردپا، كرێكارێكی بینای دادسەرای ئینقلابی شاری سنە بەناوی \"داریووش رووحانی\" كوڕی محەممەد رەئووف بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە كوردە خەڵكی ئاوایی \"كاشتەر\"ی سەر بە كامیارانە و بۆ دابین كردنی بژێوی ژیانی لە یەكێك لە بیناكانی شەقامی \"هادی زیائەدینی\" لە شاری سنە سەرقاڵی كرێكاری بوو.

لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران ناوبەناو بەهۆی رووداوی كارەوە كرێكارانی كورد گیان لەدەست دەدەن.

بەپێی ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا 28 كرێكاری كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی كوردستان بە هۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە.

دوایین كرێكار رێكەوتی 25‌ی خەرمانان بەناوی مستەفا فەرەج و خەڵكی شاری نەغەدە بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە گیانی لەدەست دابوو.