نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی گیانی مێرمنداڵێکی ئەستاند

15:43 - 25 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: دووبارە بوونەوەی تراژیدیای گیان لە دەستدانی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان ڕۆژهەڵات لە نەخۆشخانەکان بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی بەردەوامە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو، مێرمنداڵێکی تەمەن ٥ ساڵ خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری کامیاران بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کامیاران شوناسی ئەو مێرمنداڵە تەمەن ٥ ساڵەی بە \"ئارتین مێهدی\" خەڵکی گوندی پاڵنگان سەر بە شاری کامیاران ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی ٢١ی خەرمانان ئارتین بەهۆی تووشی بوونی بە نەخۆشینی \"شیگلوز\" سکچوونی خوێنی، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانەی سینای شاری کامیاران دەخەوێندرێ و بەهۆی خراپ بوونی باری تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە دەگوازرێتەوە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، پزیشکانی نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە بە هۆی نەبوونی کەرەستەی \"دیالیز سقافی\" لەو پارێزگایە دەستبەجێ ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری کرماشان دەکرێت و پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانەی کرماشان گیانی لە دەست دەدات.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، بنەماڵەی ئەو مێرمنداڵە کوردە لە نەخۆشخانە لەگەڵ بێڕێزی و سووکایەتی یەکێک لە کادرە دەرمانییەکانی ئەو نەخۆشخانە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بەبەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئێران زەقترە و کێشەیەکی جیددیه بۆ هاووڵاتییان و بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانیش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵ ناگرن.