نەبوونی ئیمکانات و سنووردارکردنی چالاکیی خوێندکاران لە زانکۆی پەیام‌نووری سنە

19:53 - 24 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌نووری سنە بەهۆی بێ ئیمکاناتی و \"نابەرپرسیاریەتی\"ـی لێپرسراوانی ئەو زانکۆیە وەزاڵە هاتوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌نووری شاری سنە، ئەو خوێندکار و ئەنجومەنانەی کە بە دواداچوون بۆ چارەسەریی کەموکۆرییەکانی نێو زانکۆ دەکەن، لەلایەن بەرپرسانەوە، نە تەنیا وڵامیان پێ نادرێتەوە، بەڵکوو بە لەفزێکی ناشیرین مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئەو خوێندکارە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی؛ ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ساڵۆنی تایبەت بە خواردن وئاشپەزخانەیان تێک داوە و لەو ماوەیەدا هیچ خواردنێکیان بە خوێندکاران نەداوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کاری ئەدەبی و فەرهەنگی لە زانکۆی پەیام‌نوور زۆر سنووردارە و وەرگرتنی مۆڵەت بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی بڵاڤۆک لەگەڵ دژایەتیی حەراسەتی زانکۆ بەرەڕوو دەبێتەوە.

ئەم هەڵوێستەی بەرپرسانی زانکۆ لەحاڵێک دایە، کە حەسەن رۆحانی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا باسی لە پەرەپێدانی فەرهەنگی کردبوو، بەڵام هەتا ئێستاش خوێندکارانی زانکۆ بۆ دەرکردنی گۆڤار و بلاڤۆکی خویندکاری بەرەوڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.

گوتیشی: لە کاتێکدا لە زۆربەی شارەکانی ئوستانی کوردستانەوە دەیان خوێندکار بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن روویان لە زانکۆی پەیام‌نووری شاری سنە کردووە، لە کاتی دروست کرانییەوە هەتا ئێستا خەوتنگەی نییە و خوێندکاران بە ناچاری و بە تێچوویەکی لە رادەبەدەر ماڵ بەکرێ دەگرن.