نەبوونی گازی CNG لە بۆکان، کاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان داناوە

14:54 - 21 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: کەمێی وێستگەی گازی سی.ئین.جی لە شاری بۆکان، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی کوردی ئەو شارەی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شۆفیر تاکسییەکانی شاری بۆکان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە سەفی دوورو درێژی وەرگرتنی گازی سی.ئێن.جی-دا چاوەڕێ دەمێننەوە و ئەم کێشەیەش رۆژ لە دوای رۆژ لایەنی بەربڵاوتر بەخۆیەوە دەبینێت.

ئەو کێشەیە لە رۆژی دووشەممەی حەفتەی رابردووەوە لە شاری بۆکان دەستی پێکردووە.

شۆفیر تاکسییەکان نە تەنیا بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر چاوەڕیی وەرگرتنی گازی سی.ئێن.جی دەکەن، بەڵکوو هاووڵاتییانیش بۆ سەفەر کردن بۆ شارەکانی دیکە تووشی کێشە و گرفتاری دەبن.

یەکێک لە شۆفیر تاکسییەکانی شاری بۆکان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ راوەستانی شۆفیرەکان لە سەفی وەرگرتنی سووتەمەنی‌دا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە شۆفیرەکان لە داهاتی رۆژانە بێبەری بن و ئەمەش راستەوخۆ لەسەر بژیویی ژیانی بنەماڵەکانیان کاریگەری دەبێت.

هەروەها گوتیشی: ساردیی لە رادەبەدەر، بە فیڕۆ چوونی کات و وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی حکوومەتی لە شاری بۆکان، لەمەڕ هاتنە ئارای ئەو کێشەیە، شۆفیر تاکسییەکانی وەزاڵە هێناوە.

هەنووکە چوار وێستگەی گازی سی.ئێن.جی لە شاری بۆکان هەن، کە تەنیا وێستگەی \"شەقامی ساحیلی\" سووتەمەنی بە تاکسییەکان ئەدات.

لەلایەکی دیکەوە، هاووڵاتییانی کور لەم دۆخەی ئێستا ناڕازین و ناڕەزایەتییان بە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانیی شاری بۆکان وەکوو هۆکاری هاتنە ئارای ئەو کێشەیە دەربڕیەوە.

هەواڵنێری کوردپا لەزاری هاووڵاتییانی بۆکانییەوە رایگەیاند؛ رەوتی ژیانی رۆژانەی خەڵک بە کردەوە تووشی کێشە بووەو کەمیی وێستگەی گازی سی.ئێن.جی بۆتە کێشەی زۆرێک لە بنەماڵەکان.

بارودۆخی وێستگەی گازی سی.ئێن.جی لە شاری بۆکان لە حاڵێک دایە، کە لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا فەرمانداری شاری بۆکان باسی لە نەهێشتنی کێشەی سووتەمەنی کردبوو، کە چەندین وێستگەی گازی سی.ئێن.جی لەو شارە دروست دەکرێت.

نەبوونی گازی سی.ئێن.جی بە یەکێک لە گەورەترین کێشەی ماشێنەکانی دووکارەی بنزینی و گازی ئەژمار دەکرێت.

بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوبوونەتەوە، ٢٩٧ تاکسیی تەلەفۆنی، ٥٩٠ تاکسیی سوور، ٣٨ تاکسیی هێڵی تایبەت و ی دەزگا ماشێنی وەن لە شاری بۆکاندا کاری گواستنەوەی هاووڵاتییان دەکەن.