نەبوونی کەرەستەی پێویست گیان لەدەستدانی کرێکارێکی لێ‏کەوتەوە

19:54 - 9 رەشەمه 2715
ئاژنسی کوردپا: کرێکارێکی کورد لە شاری جوانڕۆ بەهۆی بەربوونەوە لە داربەستی بینایەک، گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو لە گەڕەکی نەخۆشخانەی شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان، کرێکارێکی کورد بەناوی وەلەدخان مەهدەوی کە سەرقاڵی ئیش وکار لە بینایەکی چوار نۆهومی بووە، بە ڕووداوی کار گیانی لەدەست داوە.

مردنی ئەو کرێکارە ٤٨ ساڵە، بە هۆی دەستڕانەگیشتن بە کەرەستەی ئیمەنی وەک کەمەربەند و کەوتنە خوارەوەی لە داربەستێکی ئاسنین بووە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

وەلەدخان مەهدەوەی، بەپێی هەواڵی گەیشتوو، لەهەر چەشنە دابینبوونێکی کۆمەڵایەتی بێبەری کراوە و دوو منداڵی گەنجیشی هەیە.

کارناسانی ئیمەنی کار، دەبێژن کە نەبوونی دەروەستی، پشتگوێ خران و زەخت له پەیمانکاران، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوی کار لە بەشی بینادایە.

ئامارە فەرمییەکان باس لە مردنی ساڵانە ١٠ هەزار کرێکار لە ڕووداوی کار و نەخۆشینی پێوەندیدار بە کار و پیشەی کرێکاران دەکەن.