نەبوونی کەرەستەی پزیشکی، گیانی ژنێکی دووگیانی ئەستاند

15:26 - 12 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی دووگیان، خەڵکی شاری سنە، بە هۆی نەبوونی ئیمکانات و کەرەستەی پزیشکی، لە نەخۆشخانەی بێعسەتی ئەو شارەدا، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١١ی جۆزەردان، ژنێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، بە ناوی \"ز.ک\"، تەمەن ٣٣ ساڵ، کە تووشی نەخۆشیی \"هەڵامەت\" ببوو، پاش دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە، گیانی لەدەست دا.

ئەم ژنە کوردە، دووگیان بووە و هەروەها منداڵێکی ٩ ساڵەی هەیە.

ئەم ژنە دووگیانە کە تووشی نەخۆشیی هەڵامەتی توند ببوو، پاش سەردانی نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە، دوو ڕۆژ دواتر، لەگەڵ کۆرپەکەی گیانی لەدەست دا.

هەتاکوو ئێستا بەرپرسانی نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە، هیچ لێدوانێکیان سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە نەداوە، بەڵام بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی زانستی پزیشکی کوردستان ڕایگەیاند: \"چاوەڕیی تاقیکاری و تەشخیسی پزیشکی یاسایین بۆ هۆکاری سەرەکیی گیان لەدەستدانی ئەو ژنە دووگیانە.\"

نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران، بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئێران، زەقترە و کێشەیەکی جیددیه بۆ هاووڵاتییان و بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانیش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵناگرن.