نەبوونی پزیشکی پسپوڕ لە شاری چاڵدێران کۆرپەیەکی کردە قوربانی

14:26 - 4 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکانی شاری چاڵدێران سەر بە پارێزگای ورمێ، لە دەست نەبوونی دکتور و کادری دەرمانی شارەزا دەناڵێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی هەینی ٣ی ڕەشەمە، کۆرپەیەکی ٥ مانگە، خەڵکی شاری چاڵدێران، بە هۆی نەبوونی دکتور و کادری شارەزا، لەو نەخۆشخانەکانی ئەو شارە، گیانی لە دەست دا.

سەرچاوە خۆجێیەکان لەو بارەوە بڵاویان کردووتەوە، کە نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکانی شاری چاڵدێران لە دەست نەبوونی پزیشک و کادری پسپۆڕی دەناڵێنن و لەو پەیوەندییەدا، منداڵێکی کۆرپەی ٥ مانگە، پاش ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ، پێش گەیشتن بەو نەخۆشخانەیە، گیانی لە دەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکان، نەخۆشخانەکانی شاری چاڵدێران، لەگەڵ نەبوونی پزیشکی شارەزا و کەمیی پێداویستییە پزیشکییەکان بەڕەوڕوویە و هەتا ئێستە بەرپرسانی حکوومەتی هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵ نەگرتووە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو کۆرپە ٥ مانگە ڕانەگەیاندراوە و هەنووکە ئەم هەواڵەش وەکوو پێویست بە میدیایی نەکراوە.