نەبوونی پارە ژنانی فووتساڵی ئێرانی لە یارییەکانی گواتمالا بێبەش کرد

12:45 - 17 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: \"نەبوونی پارەی پێویست\" هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەفەری تیمی تۆپی پێی ژنانی ئێران بۆ یارییەکانی گواتمالا ڕاگەیەندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تیمی فووتساڵی ژنانی ئێران کە لە ئاسیا پلەی یەکەمیان بەدەست هێنابوو، لە چوون بۆ یارییە جیهانییەکانی فووتساڵی ژنان لە وڵاتی گواتمالا بێبەش کران.

ڕۆژنامەی \"شرق\" لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا نووسیویە \" یارییەکانی گواتمالا کە ئێران دوای پلەی یەکەمی فووتساڵی ژنانی ئاسیا، بە مەبەستی بەشداری کردن خۆی بۆ ئامادە کردبوو، جامی جیهانی نیە. ئەو یارییانە \"یارییە جیهانییەکانە کە تەنانەت لە ڕۆژژمێری فیفاش هیچ ئاماژەیەکی پێ نەکراوە.

ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویە سەفەری یاریزانانی کچی تیمی فووتساڵ زیاتر لە یەک میلیارد تێچووی هەبوو.\"

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ؛ ڕەنگە فێدراسیوونی تۆپی پێ بیتوانیبایە بە گرتنی سپۆنسێر بەشێک لەو تێچووە دابین بکات هەتا ئەو هەڵاواردنەی کە ئەم ڕۆژانە باڵی بەسەر فەزای فووتساڵی ژناندا کێشاوە، لا ببرێت. بەم حاڵەوە ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئەگەر بڕیار بێ لە سەر فووتساڵی ژنان سەرمایە گوزاری بکات، دەبێ لەپێی تێچووەکانیشی بوەستێ.

تیمی فووتساڵی ژنانی ئێران ڕەزبەری ئەمساڵ توانی بە سەرکەوتن بە سەر ژاپۆندا، بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا پلەی یەکەمی جامی وڵاتانی ئاسیایی کە لە مالێزی بەڕێوە چوو بەدەست بێنێت.

یارییە جیهانییەکانی فووتساڵی ژنان لە ماوەی ڕۆژانی سێهەم هەتا هەشتەمی سەرماوەز لە وڵاتی گواتمالا بەڕێوە دەچێت.