نەبوونی مامۆستای قوتابخانە هەتا نەبوونی سووتەمەنی لە قوتابخانەکانی ناوچەی خۆی

16:13 - 13 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: چەندین قوتابخانەی گوندەکانی ناوچەی \"کۆتۆل\"ی سەربە شاری خۆی لەدەستپێکی کرانەوەی قوتابخانەکانەوە هەتا ئێستا بەشێوەی پێویست مامۆستایان بۆ نەنێردراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، گوندەکانی\"گۆگر و ئاڵمەڵوو\" لە ناوچەی کۆتۆلی خۆی بەهۆی کەمیی مامۆستا، قوتابیانی پۆلی ٤ و ٥ی سەرەتایی وانە بە قوتابیانی پۆلەکانی ١هەتا ٣ی سەرەتایی دەڵێنەوە، ئەوەش لەحالێک دایە کە لە قوتابخانەکانی ئەو دوو گوندە نزیک بە ٦٠٠ قوتابی بوونی هەیە.

یەکێک لە هاووڵاتییانی ناوچەی کۆتۆل بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند؛ سەرەڕای کەمیی مامۆستا لە قوتابخانەی ئەو دوو گوندە، بەپرسی قوتابخانەکان بە قوتابیانیان راگەیاندووە کە هەر قوتابییەک دەبێ بڕی ٢٠ هەزار تمەن بۆ دابین کردنی سووتەمەنی بە قوتابخانەکان بدات.

ئەو هاووڵاتییە کوردە گوتیشی؛ ئەو چەند مامۆستایەی کە لەو قوتابخانانە وانە دەڵێنەوە، کاتژمیر ٩ی سەرلە بەیانی دەێنە قوتابخانەکان و دەبێ ژەمە نانی نیوەرۆش بنەماڵەی قوتابیان بۆیان دابین بکەن، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە زۆربەی دایک و باوکی قوتابییان لە ناوچە سنوورییەکان سەرقاڵی کۆڵبەری کردنن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی بنەماڵەی قوتابییانسەردانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری \"خۆی\"یان کردووە و رایانگەیاندووە، ئەگەر مامۆستا نەنێرنە قوتابخانەکان، ئامادە نین ئەو بڕە پارەیە بە قوتابخانەکان بدەن و منداڵەکانیشیان بنێرنەوە قوتابخانە.