نەبوونی سووتەمەنی و ئەگەری داخرانی قوتابخانەکانی ناوچەی تیکاب

20:32 - 7 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی نەبوونی سووتەمەنی لە قوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، قوتابخانەکانی ناوچەی تیکاب بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی ئەگەری داخرانیان لە ئارادایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرجەم قوتابخانەکان بۆ گەرم کردنەوەی پۆلەکانیان لە سۆبەی نەوتی کەڵک وەردەگرن، هێندیک لە قوتابخانەکانیش سووتەمەنییان لێ بڕاوەو قوتابییان بۆ خۆیان سووتەمەنی پۆلەکانیان دابین دەکەن.

هاوکات لە درێژەی رەوتی وەرگرتنی پار لە قوتابییان بۆ دابین کردنی سووتەمەنیی قوتابخانەکان، ئیدارەی پەروەردەی تیکاب بۆ دابین کردنی سووتەمەنی داوای پارەیان لە سەرجەم قوتابییانی ناوچەی تیکاب کردووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە بەرپرسانی قوتابخانەکانی ناوچەی تیکاب بە قوتابیانیان راگەیاندووە کە دەبێ بڕی ٢٠ هەتا ٣٠ هەزار تەمەن بابەتی دابین کردنی سووتەمەنی بە قوتابخانەکان بدەن، دەنا لە سەرمادا دەمێننەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد کە ئەستاندنی پارە لە قوتابییان لە ئێستادا لەحاڵێک دایە کە پێشتریش بەرپرسی قوتابخانەکان لە ناوەڕاست مانگی خەزەڵوەریشدا بڕی ٣٠ هەزار تمەن پارەیان لەهەر قوتابییەک ئەستاندبوو.

لەرۆژانی رابردووشدا قوتابخانەی گوندەکانی \"ئوربان، هدر و سێڵاو\"ی سەربە شاری سەڵماس سووتەمەنییان لێ بڕابوو کە قوتابییان بە ناچاری بۆخۆیان سووتەمەنیی پۆلەکانیان دابین کردبوو.