نەبوونی خزمەتگوزاری، گوندێکی ناوچەی روانسەر بەرەو چۆڵبوون دەبات

16:00 - 19 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: نەبوونی خزمەتگوزاری لە گوندەکانی کوردستان بۆتە گرفتێکی باوی هاووڵاتییان و بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی چۆڵبوونی گوندەکان دادەندرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ گوندی ملە پاڵنگانەی سەربە شاری روانسەر کە زیاتر لە ٧٠٠ کەس دانێشتووی هەیە، بە هۆی کەمیی ئیمکانات و نەبوونی خزمەتگوزاری وەزاڵە هاتوون.

یەکێک لە دانێشتوانی گوندی ملە پاڵنگانە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ هەتا ئیستاش نەتەنیا ئاوی لوولەکەشیی ستانداردی بۆ نەکراوە، فازڵاوی گوندەکەە دەرنەچووە وئەمەش هەڕەشە لە تەندروستیی دانیشتوانی گوندەکە دەکات.

ئەو هاووڵاتییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی؛ ماوەی چەندین ساڵە شۆراکانی گوندی ملە پاڵنگانە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، بەڵام پێیان راگەیاندراوە کە دەبێ بۆخۆتان پارە کۆ بکەنەوە و کێشە خزمەتگوزارییەکانتان چارەسەر بکەن.

هەروەها دەشڵێت؛ ئەو وڵامەی لێپرسراوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کاتێکدایە، کە خەڵکی ئەو گوندە بەدەست بێکاری و دەستکورتییەوە دەناڵێنن و بەو هۆیەوە نزیک بە تێکڕای لاوانی ئەو گوندە روویان لە شارەکانی دیکەی ئێران کردووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتێکدا گوندی ملە پاڵنگانە نزیک بە ٧٠٠ کەس دانشیتووی هەیە، ئەو گوندە هیچ ناوەندێکی دەرمانی و بێهداشتیی تێدا نییە و هاووڵاتییان بۆ مەسەلەی بێهداشتی و تەندروستی دەبێ سەردانی شاری روانسەر بکەن.