نێچیرڤان مەعرووفی، هاووڵاتیی ناڕازی بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لە نەخۆشخانەی تەورێز خەوێندرا

18:48 - 27 خەرمانان 2722

نێچیرڤان مەعرووفی تەمەن ١٨ ساڵ کوڕی خالید خەڵکی "تورجانـ"ـی سەقز، که لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، لە بەرانبەر فەرمانداری سەقز بریندار کرابوو، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەورێز کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بەهۆی بەرکەوتنی گوللـەی ساچمەیی، چاوی چەپی بریندار و ئەمرۆ یەکشەممە ٢٧ی خەرمانان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تەورێز نەشتەرگەری بۆ کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو؛ نێچیرڤان مەعرووفی سەربازە و لە کاتی ئەو ڕووداوە تازە هاتبووە مەرەخەسی.

ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانان، کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی ناڕازی بە "قەتڵی حکوومەتیـ"ـی ژینا ئەمینی لە بەرانبەر فەرمانداریی سەقز، بە دەستێوەردانی هێزەکانی گاردی شۆڕش و هێزە ئەمنییەتییەکان توندوتیژی لێ کەوتەوە.

نزیک بە دەیان هاووڵاتی ناڕازیی لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر فەرمانداریی سەقز بەهۆی تەقەی گولـلەی ساچمەیی بریندار بوون، خەڵک داوایان لە پزیشک و پەرەستارەکان کردووە کە بۆ تیمارکردنی بریندارەکان، سەردانی ماڵی هاووڵاتییانی بریندار بکەن.

هاووڵاتییانی ناڕازی لە ترسی دەسبەسەری هێزە ئەمنییەتییەکان، لە چوون بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکان، خۆیان دەبوێرن.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان، ژینا (مەهسا) ئەمینی، که لە ئەنجامی لێدان و ئازار و ئەشکەنجە، لەلایەن مەئموورانی گەشتی ئیرشاد، چووبووە بێهۆشی درێژخایەن، لە نەخۆشخانە کەسرای تاران، گیانی لە دەست دا و ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانان، بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر، لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، ئەسپەردەی خاک کرا.