نیگەرانیی هاووڵاتییانی ناوچەی سنە لە چوونەسەرێی نرخی گاز

14:03 - 4 بەفرانبار 2713
ئاژانسی كوردپا: چوونە سەرێی نرخی گاز لەشاری سنە و ئاواییەكانی دەورووبەری نیگەرانی هاووڵاتییانی لێكەوتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ماوەیەكە لە شاری سنە و ئاواییەکانی دەورووبەری نرخی گاز بەشێوەیەكی بەرچاو چوونەسەرەوەی بەخۆیەوە بینیوە و هەروەها ماڵیاتی هەر \"میتری سێ‌ جا\"‌ش زیادی كردووە.

لەلایەكی دیكەوە فشاری گازی شار و ئاواییەكانی رۆژئاوای ئێران بەهۆی سەرماوە دابەزیوە و بەکارهێنەرانی تووشی کێشە کردووە.

\"17575.jpg\"
لەئێران بەشێوەیەكی گشتیی نرخی وزە چۆتەسەرێ و لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی مێهر بڵاوی كردبۆوە، نرخی وزە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩١ی هەتاوی ٨% زیادی كردووە.

لەئێران زیاتر لە ٣٣ تریلیون میتری سێ‌ جا پاشەکەوتی گازی سروشتی بوونی هەیە و سەرەڕای ئەو پاشەكەوتە بەرچاوە، هاووڵاتیان لەخزمەتگوزارییەكانی شیركەتی گاز ناڕازین.

شیركەتی میللی پترۆشیمی حكوومەتی ئێران لەم دواییانەدا گەڵاڵەیەكی سەبارەت بە زیاد کردنی نرخی گاز بۆ ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی پێشكەش بە مەجلیس كردووە.

بەوتەی كارناسێكی ئابووری، داهاتی حكوومەتی ئێران لەگازی سروشتی بە نیسبەت وڵاتی عەرەبستان دوو قات زیاترە و ئەوەش لەحاڵێكدایە كە لە وڵاتی عەرەبستان نرخی گاز بە بەراورد لەگەڵ ئێران زۆر هەرزانترە.