نیکی هیلی هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی مەحکووم کرد

15:16 - 30 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی سپای پاسدارانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی مەحکووم کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانان، نیکی هێلی، نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکدا لە شۆرای ئەمنییەت، ئاماژەی بە هەوڵە دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا کرد.

نوێنەری ئامریکا وێڕای مەحکوومکردنی مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەم هەوڵەی حکوومەتی ئێرانی بە \"پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێونەتەوەییەکان\" زانی.

نیکی هێلی مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی، بە \"دەستێوەردانی ئاشکرای حکوومەتی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە\" دەزانێ.

ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانان، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە، لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، لە لایەن سپای پاسدارانەوە مووشەکباران کرا، کە لەو مووشەکبارانەدا، ١٥ کادر و پێشمەرگەی حیزب کوژران و ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.