نیشتنەوە لە دەوروبەری پادگانی سپا، تیاچوونی هەزاران باڵندەی كۆچەریی بەدواوە بوو

20:02 - 6 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی كوردپا: نزیكەی ٢٠٠٠ باڵندەی كۆچەر لە سیبرییەوە، لە ئاقاری گۆلی ورمێ‌ بە هۆكاری نادیار تێداچوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە چەند حەوتووی ڕابردوودا، ئەو باڵندانەی كە لە باكووری ڕووسیەوە بەرەو ناوچە ئیستیواییەكان كۆچیان دەكرد، لە كاتی حەسانەوەیان لە كەناراوەكانی گۆلی ورمێ‌، تووشی نەخۆشی هاتوون و تێداچوون.

باڵندە کۆچەرییەکان بە دیاریكراوی لە تاڵاوەكانی پشتەوەی پادگانی ئەلمەهدیی سپای پاسداران نیشتوونەتەوە و لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا تێداچوون.

ناوەندە پەیوەندیدارە حكوومەتییەكان، ئەو باڵندانەیان لە چەشنەكانی \"ئانقووت، خۆدكا و كەڵەشێری كێوی\" ڕاگەیاندووە كە جەستەیەكی بچووكیان هەیە.

هێشتا هۆكاری سەرەكیی فەوتانی هەزاران باڵندەی كۆچەری لە ڕۆخی گۆلی ورمێ‌ نادیارە، بەڵام ڕاگەیاندنە هەواڵنێرییەكان بە \"گوماناوی\" دانانی لەناوچوونی باڵندەكان، ئاماژە بۆ پادگانی ئەلمەهدی كە یەكێك لە گەورەترین پادگانەكانی سپای پاسدارانە دەكەن.

\"28879.jpg\"
تا ئێستا پەیوەندییەك لە نێوان مەرگی بەكاوەخۆی باڵندەكان و پاشەڕۆی پادگانی سپا بڵاو نەكراوەتەوە و كارناسانی ژینگەش سەرقاڵی نموونەهەڵگرتنەوە لەو شوێنەن.

هەروەها \"ئیرنا\" ڕایگەیاندووە كە پاشماوەكانی پاڵاوگەی زێرابی ورمێ‌ و شارۆچكە پیشەسازییەكانی فازی یەك و دوو، دەچێتە ڕووبارێكەوە كە لە نزیكەی پادگانەكەوە تێدەپەڕێ‌.

ئیسماعیل كەهرۆم، ڕاوێژكاری بەڕێوەبەری رێكخراوی ژینگە، سەبارەت بە هۆكاری تێداچوونی دوو هەزار پەلەوەری كۆچەریی سەر گۆلی ورمێ‌ بە \"ئارمان\"ی گوتووە:\" دیاری كردنی نەخۆشینی ئانفلۆانزای باڵندەی مردوو، تەنیا لەڕێی پشكنینی ئاوی زارییەوە مسۆگەر دەبێت و بە ڕوانینێكی سەرپێییانە ناكرێت دیاری بكرێت هۆكاری تێداچوونی ئەو پەلەوەرانە چییە.\"

ڕوودانی وەها كارەساتێكی ژینگەیی لە ئاقاری گۆلی ورمێ‌ لە حاڵێكدایە كە هەر ئەم ساڵ هەزار و ١٠٠ میلیارد تمەن بوودجە بۆ بووژاندنەوەی گۆلی ورمێ‌ دیاری كراوە.