نیشاندانی هێز و هەڕەشەکردن لە خەڵک یان دابینکردنی ئەمنییەت لە کوردستان

14:17 - 15 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا، لە شاخی شاهۆ دەستی بە بەڕێوەبردنی مانۆرێکی نیزامیی کردووە و ئەمڕۆش لە قۆناغی کۆتاییدا، ئەو مانۆڕە بە ناوی \"رزمایش امنیتی محرم\" لە کامیاران بەڕێوە دەبات.

فەرماندەی سپای پاسدارانی پارێزگای سنە ڕایگەیاند: بەڕێوەبردنی مانۆری ئەمنییەتی موحەرەم خاوەنی سێناریۆیە و سناریۆیەکەش هاوتەریبە لەگەڵ ڕاستییەکان و هەڕەشەکان.

بە وتەی محەممەد حوسێن‌ڕەجەبی، لە مانۆری ئەمنییەتی موحەڕەمدا لە چەکوچۆڵی قورس وەک هەنگاونانی تاکتیکی، تۆپخانەی ئاگردەر، کەرەستە و زرێپۆشەکان، هەوا نیروز، هێڵی‌بڕینی هێزە تایبەتییەکان و تەکاوەر، پەهپاد و ئۆپراسیون کەڵک وەرگیراوە.

ئەو فەرماندە نیزامییە ڕایگەیاند: ئەگەرچی ئامانجی بەڕێوەبردنی ئەو مانۆرە بۆ ئامادەیی هێز و شارەزایی بە تاک و کۆمەڵی هێزە نیزامییەکان بووە، بەڵام ئامانجی سەرەکیی جێگیر و بەهێزکردنی ئەمنییەتە لە کوردستان.

پێشتر ئاژانسی کوردپا لە هەواڵێکی دیکە بڵاوی کردبۆوە کە، بەڕێوەبردنی ئەو مانۆڕە لە شاخی شاهۆی کامیاران زیاتر بە مەبەستی نیشاندانی هێز و چاوترسێن کردنی هاووڵاتییانی خەڵکی کوردستانە.

ڕۆژی هەینی ١٣ی ڕەزبەر، لە کاتی مانۆڕی سپای پاسداران لە شاخی شاهۆ، بە هۆی تۆپبارانی ئەو زنجیرە شاخە، بەتایبەت لە گوندەکانی لۆنی سادات و تیلەکۆ، چەندین لەوەڕگە دارستانەکانی ئەو زنجیرە شاخە سووتێندران.

لەو مانۆڕەی سپای پاسداران لە گوندەکانی لۆن و تیلەکۆدا، لەوەڕگەکانی \"کانی زارا، بیرە هەرجینە و مازەرد\" ئاگریان گرت و سووتان.

مانۆڕی نیزامیی سپای پاسداران بەتایبەتی پاش مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە، لە کوردستان زیاتر بووە و هەروەها کۆماری ئیسلامی لە ترسی دووبارە ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی شارەکانی کوردستان بە شێوەی مانگرتن، لە شارەکانی ئێران چەکوچۆڵی زیاتر و هێزی نیزامیی هێناوەتە کوردستان.