نۆزدە هاووڵاتیی شاری لوڕستان بە هۆی رووداوی كارەوە گیانیان لە دەست داوە

13:18 - 29 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: لێپرسراوی گشتیی پزیشكی قانوونی شاری لوڕستان رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردووە هەتا ئێستا 19 كەس بە هۆی رووداوی كارەوە گیانیان لە دەست داوە.

پەیمان ئاستركی، ئاشكرای كرد، ئەو ئامارە بە نیسبەت ساڵی رابردوو زیادی كردووە بە چەشنێك كە رێژەی گیان لە دەستدانی رووداوی كار لە شەش مانگی ساڵی 1389 هەژدە كەس راگەیەندرابوو.

ئەو لێپرسراوەی پزیشكی قانوونیی شاری لوڕستان لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی فارس رایگەیاندووە، ئەو 19 هاووڵاتییەی كەلە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا گیانیان لە دەستداوە هەموویان پیاو بوون.

بەپێی دوایین ئامارەكان لە ساڵی 1389 دا 30 كەس لە پارێزگای لۆڕستان بە هۆی رووداوی كارەوە گیانیان لە دەست داوە.

پارێزگای تاران لەمەڕ قوربانیانی رووداوی كار لەنێو سەرجەم پارێزگاكاندا پلەی یەكەم و پارێزگای لۆڕستانیش پلەی 15یەمی هەیە.