نۆدشە/تەقەی هێزە ئینتزامییەکان برینداربوونی دوو کاسبکار و ٢ هاووڵاتیی مەدەنیی لێکەوتەوە

15:55 - 27 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: لە بۆسەیەکی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندا لەشاری نۆدشە، چوار هاووڵاتیی کورد بریندار کران، کە دوو کەسیان کاسبکار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆمەڵێک لە کاسبکارانی کورد، کاتژمێر ٢ی نیوەشەو لە ٥ کیلۆمیتریی شاری نۆدشە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە درانە بەر دەستڕێژی گوللـە.

لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەی هێزە ئینتزامییەکاندا، دوو کەس بەناوەکانی حەمید سەبزە، تەمەن ٢٩ ساڵ و کوڕی محەمەد، و مەتین کەریمی تەمەن ٢٠ ساڵ و کوڕی محەمەد عەزیز، بریندار بوونە.

هەواڵنێری کوردپا لەو ناوچەیە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، رایگەیاند؛ بۆسەی هێزە ئینتزامییەکان و تەقەی ئەو هێزانە لە ماشێنی سایپای کاسبکاران، بووە هۆی برینداربوونی دوو کەس، کە حەمید سەبزە بەهۆی بەرکەوتنی گوللـەی هێزە ئینتزامییەکانەوە لاقی بریندار بووە و مەتینیش دەستی پێکراوە، کە بۆ نەخۆشخانەیەکی کرماشان راگوێزراون.

\"23696.jpg\"
لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە نیزامییەکاندا حەمید سەبزە، تەمەن ٢٩ ساڵ لاقی بریندار بووەو بۆ نەخۆشخانەی بیستونی کرمانشان راگوازراوە
مەتین کەریمی خەڵکی گوندی \"نەروی\" و حەمید سەبزە\"ش خەڵکی گۆندی نەیسانە سەربە بەخشی نەوسوودە.

هێزە ئینتزامییەکان لە شوێنێک بەناوی \"کەلوو چنارەی\" بۆسەیان ناوەتەوەو تەقەیان لە کاسبکاران کردووە.

دوابەدوای تەقە کردنی هێزە ئینتزامییەکان، هاووڵاتییان لە گوندەکانی دەوروبەرەوە لە شوێنی رووداوەکە کۆبوونەتەوە، کە دەستبەجێ لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە تەقەیان لێکراوەو دوو هاووڵاتیی مەدەنیی دیکەش بریندار بوون.

هەتا ئیستا شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییەی دیکە کە لەو رووداوەدا بریندار کراون، بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوە.

دەگوترێ، کە بەشێک لە کەلوپەل و باری ئەو کاسبکارانەش لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی شارستانی پاوەوە دەستی بەسەردا گیراوە.