نوێنەرێكی مەجلیس: رەوتی بێكاری پارێزگای كرماشان بەرەو هەڵدێر دەبات

15:04 - 28 جۆزەردان 2712
كوردپا: لێپرسراوی كۆڕی نوێنەرانی پارێزگای كرماشان لە مەجلیسی كۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، رەوتی بێكاری لەو پارێزگایەدا جێگای مەترسییە و دەبێ‌ بە زووترین كات رێگا چارەی بۆ بدوزرێتەوە.

ماڵپەڕی كرماشان پوست بڵاوی كردەوە، فەتحوڵڵا حوسێنی بێ‌ ئەوەی كە ئامارێك پێشكەش بكات وتی: بێكاری لە پارێزگای كرماشان بۆتە قەیرانێكی بنبڕ نەكراو.

بەشێكی بەرچاو لەو كەسانەی كە بێكارن كەسانی كەم داهات و ئەو كرێكارانەن كە رۆژانە بۆ بژێوی ژیانیان بە حەقدەستی كەم كار دەكەن.
\"4890.jpg\"
كێشە و گرفتی كرێكاران:
ئەو كێشە و ئاستەنگانەی كە بەرۆكی چینی كرێكاری گرتووە، تەنیا دەركران نیە، بەڵكوو كێشە و ناكۆكی لەگەڵ خاوەنكاران، نەبوونی بیمە و ئەمنیەتی كار، ئیزن نەدان بە رێكخستنی كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خستنە رووی داخوازییەكان و زۆر جار گیران و زیندانی كردن، بەشێكن لە گرفتەكانیان.

كەمیی مووچە، گرانی و دژوارییەكانی ژیان و دواخستنی مووچە و مەزایاكان و زۆر جار بڕینی مووچەی چەند مانگە، كرێكارانی تووشی كێشەی نەداری و هەژاری دەكاتەوە و دەبێـتە گرفتی دەروونی بۆیان.

بەپێی ئامار و زانیاریەكان لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ەوە هەتا ئێستا نزیك بە ٧ هەزار كرێكار لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران لەسەر كار دەركراون و چەندین كەرتی كاریش داخروان.