نوێنەری ئیلام/ بنەماڵەی کچە خوکوژەکەی هیلیلان پارەی کڕینی گۆڕیان بۆ کچەکەیان نەبووە

13:28 - 17 بانەمەڕ 2720

نوێنەری ئیلام لە مەجلیسی ئێران سەبارەت بە خۆکوژیی کچێکی تەمەن ١٢ ساڵی هیلیلانی دەڵێت: "بنەماڵەی ئەو کچە توانای کڕینی گۆڕیان بۆ ئەسپەردەکردنی کچەکەیان نەبووە و تەرمی کچەکەیان لە ٢٠٠ میتریی تەنیشت ماڵەکەیان، ئەسپەردە کردووە".

"سەلام ئەمینی"، لەو بارەیەوە دەڵێت: "پاش خوکوژیی زەینەب خەڵکی شاری هیلیلانی پارێزگای ئیلام، هیچ کەس و لایەنەک بە هانای ئەو بنەماڵەیەوە نەهاتووە، ئەو بنەماڵەیە تەرمی کچەکەیان لە ٢٠٠ میتریی دوور لە خانووکەیان ناشتووە".

خۆکوژیی "زەینەب"، مێرمنداڵی تەمەن ١٢ ساڵ بەهۆی هەژاری و دەسکورتیی بنەماڵەکەیەوە، شەپۆلێک لە هاوخەمیی چالاکانی مەدەنیی لێکەوتەوە.

زەینەب لەگەڵ سێ خوشک و برایەک و باوکێکی کەمئەندام لە خانوویەکی ٣٥ میتریدا ژیانیان بەسەر دەبرد.

ڕۆژی هەینی ٢٢ی خاکەلێوە، "زەینەب" خۆی کوشت. ئەو کچە مێرمنداڵە، پۆلی پێنجی سەرەتایی بووە و بەهۆی نەبوونی پارە بۆ کڕینی جلوبەرگی کوردی لە نەورۆزدا، خۆی کوشتبوو.