نوێنەری کرێکارانی ناڕازیی شارەوانیی ئیلام لە کار دەرکرا

11:26 - 15 بەفرانبار 2720

نوێنەری کرێکارانی شارەوانیی ئیلام، پاش وتووژێک لەبارەی کێشە و گرفتی کرێکاران و بەدواداچوون بۆ داواکاریی مووچەی دواکەوتوویان، لە لایەن بەرپرسانی شارەوانیی ئیلامەوە لە کارەکەی دەرکرا.

مەحموودڕەزا غەیاسی، نوێنەری کرێکارانی شارەوانیی ئیلام، بەهۆی وتووژێک کە لەگەڵ هەواڵدەریی فارس کردوویە، دژکردەوەی بەرپرسانی شارەوانیی ئەو شاری لێ کەوتەوە و بووە هۆی دەرکرانی ئەو کرێکارە لە کارەکەی.

نوێنەری کرێکارانی شارەوانیی ئیلام لەو وتووێژەدا، باسی لە نەدانی مووچەی دواکەوتووی چەند مانگی کرێکارانی شارەوانیی ئیلام کردبوو کە بە شێوەی گریبەست کار دەکەن و ئەمە لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی شارەوانی هۆکاری دەرکرانی نوێنەری کرێکارای شارەوانییان بە بێ نەزمی لە قەڵەم داوە.

دەرکرانی ئەو کرێکارە گرێبەستییە بەپێی لێدوانی بەرپرسانی شارەوانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ بووە، بەڵام حوکمی دەرکرانی مەحموودڕەزا غەیاسی ڕێکەوتی ١٠ بەفرانبار بووە و هۆکاری دەکرانی بەتەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی ڕاگەیەندراوە.

بەپێی مادەی ٢٧ی یاسای کار، لە کاتێکدا کە خاوەنکار بێهەوێ کرێکارێک بەهۆی لە بەرچاونەگرتنی ئایینامەی ئینزباتی دەربکات، دەبێ دوو جار بە نووسراوە هوشداریی پێ بدات و بیروبۆچوونی ئەرێنیی ئەنجومەنی ئیسلامیی کار وەربگرێت و دواتر ئەو کرێکارە لە کارەکەی دەربکرێت، لە حاڵێکدا ئەو قۆناغە بۆ مەحموودڕەزا غەیاسی لە بەرچاو نەگیراوە.