نوێنەری وەلی فەقیهـ لە چاوپێکەوتن لەگەڵ سەربازانی میدیایی لە شاری سنە: بەرانبەر میدیاکانی دژە نیزام قورس ڕابوەستن

20:25 - 10 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری وەلی فەقیهـ لە شاری سنە لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەربازانی میدیایی، پێداگری لە سەر بەربەرەکانێ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی ئێرانی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەربازانی میدیایی لە کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان بە ئامادەبوون لە نووسینگەی حوسێنی شاهروودی، نوێنەری وەلی فەقیهـ لە شاری سنە، چاوپێکەوتنیان کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: لەو دیدارەدا کە لە نووسینگەی نوێنەری وەلی فەقیهـ لە شاری سنە ئەنجام درا، حوسێنی شاهروودی، نوێنەری وەلی فەقیهـ داوای لە سەربازانی میدیایی کردووە کە لە بەرانبەر هێرشە میدیاییەکانی \"ضد انقلاب و معاندان\" قورس و قایم ڕابوەستن.

لەو دانیشتنەدا، شاهروودی سەربازانی میدیایی بە \"باسکی بەهێزی نیزام\" لە بواری شەڕی نەرم زانیووە و ڕاگەیاندووە: \"هەنووکە بارودۆخێکی تایبەتمان هەیە و ئەرکی بەسیجی میدیایی قورسترە و دەبێ هوشیاری ئێوە لە دوژمن ناسیندا چەند بەرانبەر بێت\".

سەربازانی میدیایی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان کە بە \"افسران جنگ نرم و بسیج رسانە\" بە ناوبانگن، بابەت و وتاری خۆیان لە میدیاکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداراندا بڵاو دەکەنەوە و چالاکانی سیاسی بە\" چالاکی میدیای دژبەر\" دەناسێنن.

سەربازانی میدیایی کۆماری ئیسلامی لە ڕاستای ئەو پڕۆژەیە لەژێر ناوی \"بێ نرخ کردن و ڕەواندنەوەی بیر و ڕای گشتی بە نیسبەت کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد و حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن\" لە سەرەتا و هەتا ئێستا دەستی پێکردووە و درێژەی هەیە.