٦ نوێنەری ئوستانی کوردستان لەمەجلیس دەستیان لەکار کێشایەوە

19:39 - 20 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: کەم کردنەوەی بوددجەی ئوستانی کوردستان، دەست لە کار کیشانەوەی بە کۆمەڵی نوێنەرانی کوردی ئەو ئوستانەی لێکەوتەوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەش نوێنەری ئوستانی کوردستان لە مەجلیس، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پشکی دیاریکراو لە بوددجەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بۆ ئەو ئوستانە، دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان بە بەرپرسان راگەیاندووە.

\"17314.jpg\"
شەش نوێنەری ئوستانی کوردستان لە مەجلیس، دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان بە بەرپرسان راگەیاندووە
رۆژی رابردووش ١٨ نوێنەری ئوستانی خوزستانیش هەر بەو هۆیەوە دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان راگەیاندبوو.

لە دەقی نامەی دەست لەکار کێشانەوەی نوێنەرانی ئوستانی کوردستان کە ماڵپەڕی ئیرنا بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە؛ بە سەرەنجدان بە پشکی دیاریکراو بۆ کوردستان لە بوددجەی ساڵی ١٣٩٣ و کە دەوڵەت بە مەجلیسی راگەیاندووە، بە پێچەوانەی بەڵێنییەکانی روحانی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا کە رایگەیاندبوو گرینگییەکی تایبەت بە گەشەکردنی کوردستان دەدەم، ژمارەی پێشنیار کراو بۆ پرۆژە ژێربەنایی و گرینگەکانی ئەو ئوستانە دابەینی بە خۆیەوە بینیەوە کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە کە دواکەوتووی کوردستان سەد قات ببێتەوە.

حامید قادرمەرزی نوێنەری شاری قوروە بە هەواڵنێرانی وتووە، ناڕەزایەتیی من لە ئەنجام کەمکردنەوەی لەڕادەبەدەری بوودجەیە، چونکە بوددجەی کوردستان لە ٢% بۆ ٠٣% کەم کراوەتەوە.

سالار مورادی، ئومید کەریمیان، موحسین بیگلەری، حامید قادرمەرزی و سەید ئەحسەن عەلەوەی ٥ کەس لەو نوێنەرانەی ئوستانی کوردستانن کە بەنێشانەی ناڕەرزایەتی بە کەمکردنەوەی بوودجەی ئوستانی کوردستان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.

.