نوێنەری ئوستانی ئازەربایجان رێگەوبانەکانی ورمێی بە کوشتارگا وەسف کرد

14:50 - 30 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری خەڵکی ورمێ لە مەجلیسی ئیسلامی رێگەوبانەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوای بە کوشتارگای هاووڵاتییان و رێگەی مەهابادیشی بە مەترسیدارترین رێگەی ئەو ئوستانە وەسف کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٣٠ی بەفرانبار نادر قازی‌پوور لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ رێگەوبانەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا ئیمەنییەکی ئەوتۆیان تێدا رەچاو نەکراوە و بەو هۆیەوە ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان لەو جادەیەدا دەبنە قوربانی.

وتەی ئەو نوێنەرەی مەجلیسی ئیسلامی لە کاتێکدایە، کەلە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئاماری رووداوی هاتووچۆ و گیان لەدەست دانی هاووڵاتییان بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر دەبێت و سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی ماشێن و خراپبوونی رێگەوبانەکانیش، هێچ هەوڵێک بۆ چارەسەری کردنی رێگەوبانەکان نادرێت.

ئەو نوێنەرە، رێگەوبانی شارەکانی ورمێ، نەغەدە و مەهابادی بە مەترسیدارترین رێگەوبانەکانی ئەو ئوستانە لەقەڵەم داوە، ئەوەش لە کاتێک دایە، کە دەگوترێت زۆربەی رێگەوبانەکانی ئەو ئوستانە سەرەڕای دۆخی خراپیان، لەماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا دەستیان لێنەدراوە.

بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، لەماوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا سەرجەم ٧١٥ کەس بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەست داوە و ١٠ هەزار و ٥٧٢ کەسیش بریندار بوونە.

لەو پەیوەندییەدا، داریووش ئەمانی بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەو بانەکانی وڵاتی ئێران بە هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی راگەیاندبوو؛ ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا پاش ئوستانەکانی گیلان و گوڵستان زۆرترین حاڵەتی رووداوی هاتووچۆی تێدا تۆمار کراوە.