نوێنەری ورمێ لە مەجلیسی ئێران ئیدعا دەکات کە هیچ کۆڵبەرێک کوژرا و بریندار نەبووە

14:43 - 19 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری ورمێ لە مەجلیس، تەقە کردن لە کۆڵبەرانی کوردی، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکان و سپای پاسدارانەوە، ڕەت کردووە.

نادر قازی‌پوور، نوێنەری شاری ورمێ لە مەجلیس لە وتووژێکدا لەگەڵ \"باشگای هەواڵنێرانی جەوان\" ڕایگەیاندووە: \"هیچ کەسێک لە سنوورەکان لە کاتی کۆڵبەری، کوژرا و یان برینداران نەبووه\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"هێندێک لە نوێنەرانی خۆفرۆش لە مەجلیس، هێزە سنوورەپارێزەکان، سپای پاسداران و هێزە ئینتزامییەکان بە بکوژی (قاتل) کۆڵبەران، ناوزەد دەکەن\".

قازی‌پوور ئیدعا دەکات کە بۆ کاری کۆڵبەری، \"دەوڵەت و نیزام شوێنی تایبەت و کاتژمێری دیاری کراوی دیاری کردووە، کە هەتا ئەمڕۆ هیچ کەسێک لە سنوورە فەرمییەکانی کۆڵبەری کوژرا و یان بریندار نەبوون\".

بە وتەی ئەو نوێنەری مەجلیسە، \"کەسانی دژە شۆڕش و قاچاخچییە چەکدارەکان، کە لە شوێنە نافەرمییەکان، هاتوچۆ دەکەن، لە لایەن فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا سزا دەدرێن\".

لێدوانەکانی قازی‌پوور، نوێنەری مەجلیس لە کاتێکدایە کە بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی ٩٧، لە کۆی ٢٦٥ کۆڵبەری کورد کە لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆکاری جۆراوجۆرا کوژرا و یان برینداربوون، ١٧٧ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژرا و بریندار بوون.