نوێنەری مەهاباد لە مەجلیسی ئێران گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەی "ئیسماعیل مەولوودی"
"جەلال مەحموودزادە" نوێنەری مەهاباد لە مەجلیسی ئێران لە ڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بە مامی ئیسماعیل (سمکۆ) مەولوودی یەکێک لە کوژراوانی خۆپیشاندانی شەوی ٤ی خەزەڵوەر، گوشاری خستە سەر ئەو بنەماڵەیە کە پێویستە سکاڵا لەسەر یەکێک لە حیزبە کوردییەکان وەکوو بکوژی کوڕەکەیان تۆمار بکەن.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی "مەولوودی" لەو پەیوەندییەدا بە کوردپای ڕاگەیاند: جەلال مەحموودزادە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە مامی ئیسماعیل (سمکۆ) مەولوودی ڕاگەیاندووە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە "کۆمەڵە" بکوژی کوڕەکەی ئەوانە و پێویستە دژی ئەو حیزبە سکاڵا تۆمار بکەن بەڵام مامی ئیسماعیل مەولوودی لە وەڵامدا وتوویەتی کە سکاڵای ئێمە لە خودی "عەلی خامنەیی"یە، ئەگەر ئەو دادگایی بکرێت، ئەوە ئێمە حازرین سکاڵا تۆمار بکەین لە غەیری ئەوەدا ئێمە سکاڵایەکمان نییە.
شەوی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر، "ئیسماعیل مەولوودی" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی عەبدولقادر لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە مەهاباد بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا.