نوێنەری شاری بۆکان لەمەڕ گۆرانیبێژیی ژنان و کچانی کورد هەرای نایەوە

21:06 - 19 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: ئاخاوتنی نوێنەری شاری بۆکان لە مەجلیسی ئیسلامی لەمەڕ گۆرانیبیژیی ئافرەتانی کورد، پەرچەکرداری جیاوازی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ قەسیم عوسمانی لە وتوێژێکدا لەگەڵ ماڵپەرێکی بناژۆخواز، باسی لە چاوپۆشیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری بۆکان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی ئافرەتان کرد و رەخنەی لەو ئیدارەیە گرت.

ئەو نوێنەرە رایگەیاندووە کە چەندین جار خەڵکی بۆکان داوایان لێکردووە، کە رێگری لە بەڕيێوەچوونی ئەو جۆرە کۆنسێرتانە بکەن.

ئەم ئاخاوتنەی قەسیم عوسمانی لە ماڵپەڕی \"مەشرق نیوز\"دا دژکردەوەی توندی هاووڵاتییانی کورد بەتایبەت هونەرمەندانی کوردی لێکەوتۆتەوە و بەبێ حورمەتی کردن بە \"کەرامەتی خەڵکی بۆکان\" تاوانباریان کردووە.

ناجیە سەلیمی ژنە دەرهێنەری کورد لە وەڵامدانەوە بە وتەکانی نوێنەری بۆکان لە مەجلیسی ئیسلامی رایگەیاندبوو؛ \"مافی ئێوە بوو کە قامکی مۆر کراوی دانە بەدانەی هاووڵاتییانی خەڵکی بۆکان لەسەر ناوچاوانی خۆت دابنێی و دەستی پاڕانەوە بگریتەوە، نەک ئەوەی بچی بۆ مەجلیس و لە بڵیندگۆی مەجلیسەوە خەڵکی بۆکان و هونەرمەندانی کورد بە خەڵکانی تاوانبار لە قەڵەم بدەیت\".

\"17770.jpg\"
نوێنەری بۆکان لە مەجلیسی ئیسلامی، هاوکات رەخنەی لە ناوەندە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی گرتووە، کە مۆڵەتی بەریوەچوونی کۆنسێرتی گۆرانی بە ژنان و کچان ئەدەن و هیچ بەدواداچوونێک لەمەڕ بلاوبوونەوەی وێنەی ئەو کۆنسێرتانە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ناکەن.

ئەو ژنە دەرهێنەرە کوردەی خەڵکی بۆکان لە نامەیەکدا روو لە قەسیم عوسمانی نووسیویەتی: بەداخەوە ئێوە نە تەنیا بێرێزیتان بە هونەر، هونەرمەندان و بەرپرسان و هەروەها ئیدارەی ئیرشادی شاری بۆکان کردووە، بەڵکوو بێڕێزی و سووکایەتیشتان بە ئامادەبوانی کۆنسێرتەکانێش کردووە.

ناجییە سەلیمە دەرهێنەر و ئامادەکاری یەکەم فیلمی درێژی \"یەکەم رۆژی باراناوی\" لە شارەکانی بۆکان و ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوایە.

\"17769.jpg\"
ناجیە سەلیمی کچە دەرهێنەری کورد
بەپێی بەخشناەمەی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، بۆ ئەوەی کۆنسێرتێک بەڕێوەبچێت، پێویستە سەرەتا دەقی شێعرەکان، ناوی گۆرانییەکان، ناوی ژەنیاران و گۆرانیبێژ پێشکەش لێژنەی کارناسیی بکرێت و تەنیا لە حاڵەتێکدا ئەو کۆنسێرتە مۆڵەتی بەرێوەچوونی پێ ئەدرێت، کە لەکاتی بەڕێوەچوونیشیدا لەگەڵ ئیدارەی چاوەدێریی بەسەر شوێنە گشتییەکاندا هاوئاهەنگی کرابێت.

یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی شاری بۆکان ئەو نامەیەی ناجیە سەلیمی بڵاو کردۆتەوە و هێندیک لە هاووڵاتییانی کورد بۆچوونەکانی خۆیان بەنیسبەت وتەکانی قەسیم عوسمانی خستۆتەڕوو، و وێرای بەداخبوونی خۆیان لەم هەڵوێستەی ناوبراو، رایانگەیاندووە، خەڵکی کوردستان هی چکێشەیەکیان لەگەڵ گۆرانیبێژیی ژنان و کچانی کورد نییە و پێشنیاریان بەو نوێنەرە کردووە لە جێگەی بەداخبوونی لەم چەشنە، بە کێشە و گرفتەکانی خەڵکدا رابگات.

پێشتریش زۆربەی میدیاکان باسیان لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتێکی مۆسیقای ژنانە لەلایەن گروپی مۆسیقای ژنانەی ژیوار بە سەرپەرستیی ژیوار شێەخەلیسلامی لە ناوەڕاستی پاییزی ئەمساڵدا کردبوو کە دواتر مۆڵەتی بەڕێوەچوونی پێ نەدرا.

چەند رۆژ پێش ئێستاش وتەکانی عوسمان ئەحمەدی، نوێنەری مەهاباد لە مەجلیسی ئیسلامی کە داوای پێکهاتنی ئوستانی کوردستانی باکووری کردبوو، دژکردەوەی توندی کوردەکان و غەیرە کوردەکانی لێکەوتەوە.