نوێنەری سنە لە مەجلیس: پێگەی ئابووریی پارێزگای كوردستان لە نزمترین پلەی وڵات دایە

14:15 - 3 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی كوردپا: نوێنەری خەڵكی شاەركانی سنە، دیواندەرە و كامیاران لە مەجلیسی حكوومەتی ئێران وتی: پێگەی ئابووریی پارێزگای كوردستان لە خوارترین ئاست دایە و قەیران رێڕەوی بەڕێوەبەریی بەدەستەوە گرتووە.

سەید ئەحسەن عەلەوی لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فارسدا رایگەیاندووە: \"نەبوونی پلان و توانای كاروانی ئابووریی دەوڵەت نەتەنیا لە ئاستی میللیدا زۆر گرفتی ساز كردووە، بەڵكوو پارێزگایەكی وەكوو كوردستان خەسارێكی زۆرتری وێكەوتووە\".

ئەو نوێنەرەی مەجلیس وتیشی: ئێران یەكێك لە ساماندارترین وڵاتانی دونیایە و خاوەنی گەلێك سەرچاوە و ژێرخانی ئابووریە، بەڵام بەهۆی لاوازی و نەبوونی بەڕێوەبەری بە شێوەی شیاو كەڵك لەو سەرچاوانە وەرناگیرێت.

سەید ئەحسەن عەلەوی لە درێژەی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەوەش داوە، \"پارێزگای كوردستان یەكێك لە پارێزگا دواكەوتوو و پلە ئاخرەكانی وڵاتە و بە فەرمی وەبەرهێنان راگیراوە و زۆرینەی هێزە ئابوورریەكانی ئەم پارێزگایە بەهۆی تێكشكان و رەوشی خراپی ئابووریی وڵات پەكیان كەوتووە و بێكارن\".

عەلەوی ئاماژەی بە بوونی توانایی و دەرەتان و بەستێنی ئابووری و هەروەها سەرچاوە ئاوییەكان، خاكی بەپیت و كانگا و كانزا بەردینەكانی پارێزگای كوردستان كردووە، بەڵام وەك پێویست كەڵكیان لێ وەرنەگیراوە و هەوڵ بۆ میكانیزە كردنی وەرزێری نەدراوە.

نوێنەری خەڵكی شارەكانی سنە، كامیاران و دیواندەرە راشیگەیاندووە، ئاستی ئابووریی پارێزگای كوردستان لە دوایین پلەی وڵات دایە، هەرچەند ئەم پارێزگایە 2%ی حەشیمەتی ئێران پێك دێنێت، بەڵام خاوەنی 48/1%ی ئابووریی گشتیی وڵاتە.

ـ پارێزگای كوردستان بە پانایی 235/28 كیلۆمیتر چوار گۆشە و نزیك بە 1/7%ی گشتیی رووبەری وڵاتی ئێران پێك دێنێ‌ و لەم بارەوە چواردەیەمین پارێزگایە.
ـ بەپێی دوایین ئاماری سەرژمێری نزیك بە یەك میلیۆن و 500 هەزار كەس حەشیمەتی هەیە.