مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی مستەفا ئیبراهیمی و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار
١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ ئێوارەی دوێنێ، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوی «مستەفا ئیبراهیمی» بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ئێوارەی سێشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥، «مستەفا ئیبراهیمی» کوڕی زەهرا و محەممەد، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، بەهۆی هێرشی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ چەشنە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەتا ئێستا چارەنووسی ناوبراو بەتەواوی نادیارە.
مستەفا ئیبراهیمی، تەمەن ٤٠ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی مەهابادە.
لە سیستەمی سەرکوت و دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بێبەشکردن لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە بووەتە بابەتێکی باو و دەسبەسەرکراوان لە شوێنە نادیارەکاندا، بەتەواوی لە هەمووی ئەم مافانە بێبەشن.