نوێنەرانی کورد لە مەجلیس بەرامبەر بە هەڵوێستی فەرهەنگستانی زمانی فارسی پەرچەکرداریان نواند

21:15 - 9 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: نوێنەرانی کوردی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە مەجلیسی ئیسلامی، دژایەتی خۆیان بە نیسبەت هەڵوێستی ئەندامانی \"فەرهەنگستانی زمان و وێژەی فارسی\" دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای دژایەتیی ئەندامانی \"فەرهەنگستانی زمان و وێژەی فارسی\" لەگەڵ بڕیاری دەوڵەتی رۆحانی بە نیسبەت خوێندن بە زمانی دایکی لە ئوستانەکانی ئێران، نوێنەرانی شارە کوردنشینەکانی ئێران ئەو قسانەیان بە \"جێگەی داخ \" و \" هەڵوێست گرتن بەپێی ویستی دوژمن\" لە قەڵەم دا.

\"18105.jpg\"
سەید ئەحسەن عەلەوی نوێنەری شارەکانی سنە، دیواندەرە و کامیاران
سەید ئەحسەن عەلەوی نوێنەری شارەکانی سنە، دیواندەرە و کامیاران، لە نامەیەکدا رایگەیاندووە، گەڵاڵەی خوێندن بە زمانی دایکی بۆ نەتەوەییەکان لەلایەن دەوڵەتەوە، سەرەتایی‌ترین مافی نەتەوەکانی ئێرانە.

کۆتاییەکانی مانگی رابردوو عەلی یونسی نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکان رایگەیاندبوو؛ کە خوێندن بە زمانی دایکی لە ئوستانەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانەوە دەست پێ دەکات.

عەلەوی لەو پەیامەدا باسی لە جێبەجێ نەکردنی گەڵاڵەی خوێندن بە زمانی دایکی کردووە و گرینگی دانی بە ماددەکانی ١٥ و ١٩ی یاسای بنەڕەتیی ئێران لە بەڵێنەکانی حەسەن روحانی لە قەڵەم داوە.

\"18106.jpg\"
رەسوڵ خزری، نوێنەری شارەکانی پیرانشار و سه‌رده‌شت
نوێنەری شاری سنە لە مەجلسی ئیسلامی وێڕای بەداخبوونی خۆی سەبارەت بە لێدوانی ئەندامانی \"فەرهەنگستانی زمان و وێژەی فارسی\"، هەڵوێستەکەیانی بە \"بێ خوێندنەوە\" و بە پێچەوانەی \"فەزای سیاسی\"ی وڵات وەسف کردووە.

هەوروەها رەسوڵ خزری نوێنەرێکی دیکەی کورد لە مەجلیسی ئێران؛ سەبارەت بە لێدوانی ئەندامانی ئەو فەرهەنگستانە دژکردەوەی نیشان داوە.

ناوبراو تۆمەتی بردنە ژێر پرسیاری یاسای بنەڕەتیی ئێرانی خستۆتە پاڵ ئەندامانی ئەو فەرهەنگستانە و رایگەیاندووە؛ \"نابێ ئیزن بدەین کە هێندیک کەس بە کارشکێنی و دەمارگرژی هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندیی دوژمنان هەنگاو هەڵبگرنەوە\".

\"18107.jpg\"
ئۆمید کەریمیان نوێنەری شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا
لەلایەکی دیکەوە، ئۆمید کەریمیان نوێنەری شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا لە وتوێژێکدا بۆ ماڵپەڕی \"کوردپرێس\"، وێڕای ئاماژە کردن بە حەشیمەتی ٤٠ هەتا ٥٠%یی حەشیمەتی غەیرە فارس لە ئێراندا رایگەیاند، \" بە سەرنجدان بەوەی کە هێندیک لە نەتەوەکان خۆیان بە پەراوێزخراو دەبینن، خۆ بواردن لەپێکهێنان، هەڵدانەوە و قووڵ بوونەوەی رقە سیاسی و فەرهەنگییەکان لە نێوان نەتەوەکاندا بە لەبەر چاو گرتنی ئاستی \"تەحەموول\"ی تاکەکان و لابردن و نەهێشتنی رق و قین بۆ کاردانەوەی گروپە ئیتنیکییەکان یەکجار کاریگەرترە هەتا ئەوەی بیین لە بەرامبەریاندا هەڵوێست بگرین و ریگری لە جێبەجێ کرانی یاسا بکەین\".

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٧ی ریبەندان، ئەندامانی فەرهەنگستانی زمان و وێژەی فارسی لە دانیشتنێکیاندا لەگەڵ ناوەندە حکوومەتییەکان دژایەتی خۆیان سەبارەت بە خوێندن بە زمانەکانی دیکە دەربڕیبوو.

ئەندامانی ئەو فەرهەنگستانە، ئامووزشی زمانی دایکی‌یان لە نێوان نەتەوەکاندا بە \'مەترسی\"، \"پیلان\" و \" هاوردەی بێگانە\" شوبهاندبوو.

ئەم هەڵوێستە دوای وتەکانی عەلی یونسی لە کۆتایی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا هاتووەتە ئاراە، کە رایگەیاندبوو پەروەردە بە زمانی دایکی لە نێوان نەتەوەکانی دانیشتووی ئیران لە بەرنامەی کاریی دەوڵەتی \"تەدبیر و ئومید\" دایە.