نوێترین بەڵگە لەسەر تیرۆری دوکتور قاسملوو بڵاو کرایەوە

15:31 - 31 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی زانکۆ، لە پارێزگای سلێمانی، بەڵگەیەکی نوێی لەسەر تێرۆری دوکتور قاسملوو بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەریف هەژاری، مامۆستای زانکۆ لە پارێزگای سلێمانی، بۆ یەکەمجار بەڵگەیەک لە بارەی دۆسییەی تێرۆری دوکتور قاسملوو بڵاو کردەوە.

ئەم بەڵگەیە هەڵوێستی ئامریکا بە نیسبەت تێرۆری دوکتور قاسملوو نێشان دەدات، کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ دەولەتی ئوتریش نێردراوە.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئامریكا، له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا به‌ ده‌وڵه‌تی ئوتریشی ڕا‌گه‌یاندووە: \"به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و باوه‌ڕپێكراو له‌ به‌رده‌ستن كه‌ حكوومه‌تی ئێران و باڵوێزخانه‌ی ئێران له‌ ئوتریش، به‌و تێرۆرەکارییە ناپه‌سه‌نده‌، تێوه‌ گلاون و گومانلێكراوه‌كانیش هه‌ڵگری پاسپۆرتی دبلۆماسیی ئێران بوون\".

به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا‌، له‌ ٢٢ی ئاگۆستی ساڵی ١٩٨٩، له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئوتریشەوه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دادی ئوتریش، نێردراوه‌.

\"\"شەریف هەژاری کە نۆسخەیەک لەم بەڵگەنامەیەی لە ئەرشیڤی خۆی بۆ ئاژانسی کوردپای ناردووە، دەلێت: \"ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ و چه‌ندینی تر، له‌ مانگی ده‌ی ساڵی ١٩٩٧ له‌ ئه‌رشیڤی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی نه‌مسا، تایبه‌ت به‌ كه‌یسی (تێرۆری د.قاسملو) ، له‌ لایه‌ن كوردناسێكی ئه‌وروپییەوە كۆپی كراون و هه‌ڵگیراون.

پاشان من (شه‌ریف هه‌ژاری) داوای به‌ڵگه‌نامه‌كانم لێ كردووه‌ و به‌و پێیه‌ی كوردناسه‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كورد كردووه‌ و منیش چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی نهێنیی به‌ریتانیام له‌سه‌ر كورد و ده‌ستنووسی سه‌ركرده‌كانی كورد (به‌تایبه‌ت هی ئەوانەی خۆرهه‌ڵات) به‌و كوردناسه‌ داوه‌، هه‌ر بۆیه‌ توانیومە ئه‌م بەلگەنامەیە و چەندین به‌ڵگه‌نامەی تر له‌ كوردناسه‌ ئه‌ورووپییه‌كه‌، وه‌رگرم.\"

ناوبراو لە بارەی گرینگی ئەو بەڵگەیە دەڵێت: \" ئەو بەڵگەیە دەیسەلمێنێت کە ئەمریکا بە وردی ئاگاداری تێرۆرکردنی ڕێبەرێکی ھێندە گەورە بووە و بە وردیش زانیویەتی چ کەسانێک بەو تێرۆرکارییە ھەستاون و کێشیان لە پشتەوە بووە.\"

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، لە بارەی هۆکارەکانی ئەم هەڵوێستەی ئامریکا ڕایگەیاند: ١-وەک لە بەڵگەنامەکەدا دیارە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دانی پێدا ناوە کە: (ھەرچەندە د. قاسملو لەو سەردەمەدا ڕێبەری جووڵانەوەیەکی پارتیزانیی- شۆڕشگێڕانە بووە، بەڵام ئەمریکا دان بەوەدا دەنێت کە د. قاسملو ڕێبەرێکی خاوەن ڕێزی نێودەوڵەتیی و جیھانی بووە) بۆیە لەبەر ئەو ھۆکارە (لەبەر پێگە و سەنگی قاسملوو لە ئاستی جیھاندا) ئەمریکا ئەم ھەڵوێستەی (سەر کاغەز)ی ھەبووە.

٢-لەم بەڵگەنامەیەدا دەسەلمێت کە ئەمریکا گرنگی بە تێرۆرکردنی نێودەوڵەتی دەدات، ھەر بۆیە بە تێرۆرێکی دەوڵەتیی ڕێکخراوی ئێرانی ئەزانێت، لە پێناو ڕێگریکردن لە تیرۆری نێودەوڵەتیی دەوڵەتی ئێران، ئەوا ئەمریکا ئەو داوایە لە دەوڵەتی نەمسا دەکات، وەک ھەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە تیرۆری نێودەوڵەتی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران.

٣- ئەمریکا لەو ڕوانگەیەشەوە ناچاربووە ھەڵوێستێکی (سەر کاغەز)ی ئاوھای ھەبێت، کە ئەمریکا لەوکاتەدا و (تا ئێستاش) خۆی بە ڕابەری لیبراڵیزمی جیھانی زانیوە و دەزانێت، لەو کاتەشدا کێبڕکێی ھەبووە لەگەڵ بزاوتە کۆمۆنیستییەکان، بۆیە وا ئەزانم بە ھەڵوێستێکی (سەر کاغەزی ئاوھاش) ویستوویەتی خۆی لە بەرپرسیاریەتی مێژوویی نەبوونی ھەڵوێستی ئاشکرا و ڕوون لە کەیسی تێرۆرکردنی ڕێبەرێکی ھێندە ئازادیخوازی کاریگەردا، خۆی لا بدات!

ھەرچەند من (وەک شەریف ھەژاری) تا ئێستاش بیر لەوە دەکەمەوە: ئاخۆ وڵامی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا بۆ ئەم نامەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چی بووە!؟ کە تا ئێستا ئەوەش بە نادیاری ماوەتەوە.

٤-لە ڕووی سیاسیشەوە، ئەم بەڵگەنامەیە پەیامێکی ئەمریکا بووە، بۆ دەوڵەتی نەمسا کە: (ئەمریکا ئاگاداری ئازوبازەکانی دەوڵەتی نەمسایە لەگەڵ دەوڵەتی ئێراندا)، ئەم پەیامەش دەلالەتی تر لە خۆ دەگرێت، کە ڕوونە دەکرێ دەوڵەتی نەمسا لێی تێگەشتبێ، کە نەمسا لە ھەوڵدا بووە پەیوەندیەکی ئابووریی بەھێز لەگەڵ ئێرانێکی دژ بە ئەمریکا دابمەزرێنێت، ئەمریکاش بەم نامەیە ڕاستەوخۆ ئەو پەیامە بە نەمسا دەگەیەنێت کە وەک ئەمریکا ئاگاداری ئازوبازەکانتم لەگەڵ دەوڵەتی ئێراندا، بەمەش ھەر خوێنی بیرمەند و ڕێبەری مەدرەسەی (شۆڕشگێڕی ھاوچەرخ) کراوەتە قوربانی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان.\"

ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ٦٨ی هەتاوی، دوکتور عەبدولڕحمان قاسملوو سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دێموکرات لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە پێتەختی وڵاتی ئوتریش تێرۆر کرا، کە دواتر دۆزگەری وڵاتی ئوتریش حوکمی دەستبەسەر کردنی جەعفەری سەحراڕوودی وەکوو یەکێک لە تاوانباری سەرەکییەکانی ئەو تیرۆرە دەرکرد.

\"\"
\"ئامریکا ئاگاداری تێرۆری دوکتور قاسملوو بووە\"