نووسەرێکی کورد لە کەلاردەشتی مازەندەران دەسبەسەر کرا

15:50 - 7 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: نووسەر و چالاکێکی مەدەنیی کورد لە شارستانی کەلاردەشتی سەر بە پارێزگای مازەندەران، دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی خەزەڵوەر، "مۆژگان کاووسی"، نووسەر و چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی "مۆژگان" و بەبێ پیشاندانی مۆڵەتی یاسایی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد، ئەم نووسەرە بە تۆمەتی "پشتیوانی کردن لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی کوردستان" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.

تا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی "کاووسی" بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی "مۆژگان"، بێ ئاکام ماوەتەوە.

"مۆژگان کاووسی"، لە چالاکانی مەدەنیی کەلاردەشت و لە بوارەکانی فەرهەنگی و هونەریدا چالاکیی هەیە. ناوبراو، ئامادەکار، نووسەر و دەرهێنەری کورتەفیلمی "هیوا"یە کە دێکیۆمێنتارێکی چیرۆکییە لەبارەی مەترسیی لەنێوچوونی زمانی کوردی لە کەلاردەشتدا.

تیزێری کورتەفیلمی "هیوا"

دێکیۆمێنتارێکی چیرۆکی لەبارەی مەترسیی لەنێوچوونی زمانی کوردی لە کەلاردەشتی مازەندەران

ئامادەکار، نووسەر و دەرهێنەر: "مۆژگان کاووسی"