نووسەرێکی کورد بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد

12:17 - 23 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: نووسەرێکی کوردی خەڵکی سەردەشت بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی بەفرانبار، نووسەر و چالاکێکی مەدەنی بە ناوی دوکتور "جەلال حاجی‌زادە"، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا.

دوکتور "محەممەد حوسێنزادە" سەبارەت بەو نووسەرە کوردە دەڵێت: "دوکتور جەلال حاجی زادە، لەسەر ئەندێشەی سیاسی و مێژووی کوردستان و ئەندێشەی سیاسیی ئێران بە قووڵی کاری دەکرد و لەگەڵ زۆربەی گۆڤارە کوردییە سەربەخۆکان هاوکاریی دەکرد".

بە وتەی دوکتور "محەممەد"، ئەو نووسەرە کوردە لە هەموو چالاکی و هەوڵێکی نەتەوەییدا بە شێوەی دیار و نادیار بەشدار بووە و  هەموو چالاکیی خوێندکارانی کوردی ڕێ دەخست و لە ڕۆژهەڵات بەگشتی وەک کەسایەتییەکی نەتەوەیی- ئاکادێمیک دەناسرا.

دوکتور "محەممەد" هەروەها دەڵیت: "چەند جارێک ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئەو نووسەرە کوردەیان بانگهێشت کردووە و هۆشدارییان پێداوە کە چیتر نەنووسێت و دەست لە نووسین سەبارت بە ئەندێشەی سیاسیی کوردە هەڵبگرێت".

دوکتور "جلال حاجی زادە"، دوکتورای زانستی سیاسیی هەبووە.