نووسەرێکی کرماشانی: زمانی کوردی لە فارسی دەوڵەمەندترە، بەڵام نەنووسراوەتەوە

14:33 - 19 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: زمانی کوردی بەهۆی پێداگریی لەرادەبەدەری گوازرانەوەی سینگ بەسینگ، بەرەوڕووی مەترسیی لەناوچوون بۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ یەکێک لە نووسەرانی کورد لە کرماشان وێڕای ئاماژەکردن بە ئەدەبیاتی دەوڵەمەندی زمانی کوردی، پێشینە و مێژووی زمانی کوردیی بۆ زیاتر لە ٧ هەزار و ٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا گەڕاندەوە.

سەید محەمەد حوسێنی، کرداری \"نێر و مێ\"ی لە زمانی کوردیدا بۆ تایبەتمەندیی بەرچاوی رێزمانی کوردی گەراندۆتەوەو بە هەواڵدەریی ئیسنای راگەیاندووە: \"لە زمانی کوریدا تەنانەت لەبری هێماکانی سەرە و ژێرە، پیت بەکار دەبرێ، کە ئەمە بۆ دەربڕین و بێژکردنی دروستی وشەکان، رۆڵێکی گرینگی هەیە.

ناوبراو زمانی کوردی بە دەوڵەمەندتر لە فارسی لە قەڵەم داوە، بەڵام سەبارەت بە گوازرانەوەی سینگ بەسینگی زمانی کوردی هۆشداریی داوەو گوتوویەتی لەم سەردەمەدا ئەم شێوازە زمانی کوردی بەرەو لەناوچوون دەبات.

لە گەورەشاری کرماشاندا، بەهۆی لاوازیی میدیای کوردی و کەمتەرخەمیی ناوەندە دەوڵەتییەکان و کاریگەریی قوتابخانەکان، ئیدارە دەوڵەتیەکان و رادیۆ و تەلەفزیۆنی فارسی زمان، بنەماڵە کوردەکان بە ناچاری منداڵەکانیان ناچار بە فێربوونی زمانی فارسی دەکەن.

نووسەری چیرۆکی کوردیی \"جێژنی نەورۆز\" لە درێژەی قسەکانیدا پێداگریی لەسەر نووسینەوەی زمانی کوردی کردۆتەوە بە رەمزی مانەوەی ئەو زمانەی لە بواری فۆلکلۆر، ئەدەبیات و رێوڕەسم و نەریتەکاندا لەقەڵەم داوە.

ئەو نووسەرە کوردەی خەڵکی کرماشان، کەلە ٦ ساڵ پێش ئێستاوە دەستی بە نووسینەوەو چاپ و بڵاوکردنەوەی ساڵنامە(تەقمین)ی کوردی کردووە، لەو تەقمینەدا رێوڕەسمی نەورۆزی وەکوو رێوڕەسمێکی کوردی، لەقەڵەم داوە.

کرند لە رەوتی مێژوودا، دیوانی گەورە، وەحتاوە لە شاهۆوە هەتا بەرزەنجە، گورگە کاڵ (شێعری کوردی)، \"لە شەواوە هەتا نەوا(شێعری کوردی)\"، خشتی ماڵ و جوتیار، بلوێرانە، بەشێک لە بەرهەمەکانی سەید محەمەدی حوسینی پێک دینن، کە هێندیکیان لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادەوە مۆڵەتی چاپیان پێنەدراوە.