نووسینی ڕۆمانێک \"هیچ دۆستێک جگە لە شاخەکان\" لە دوورگەی مانووس

16:28 - 20 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: نووسەر و هەواڵنێرێکی کوردی خەڵکی شاری ئیلام، ئەزموونەکان و بارودۆخی پەنابەریی خۆی لە وڵاتی ئوسترالیایی لە چوارچیوەی ڕۆمانێکدا بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بێهروز بووچانی، ڕۆژنامەنووس و نووسەری کوردی خەڵکی شاری ئیلام، کە پێنج ساڵ پێش لە دوورگەی مانووسی وڵاتی ئوسترالیا لە دەسبەسەریدا بوو، ڕۆمانێکی لەژێر ناوی \"هیچ دۆستێک جگە لە شاخەکان\" بڵاو کردەوە.

ناوبراو سەبارەت بەو ڕۆمانە دەڵێت: \"ئەم بەرهەمە، بەرهەمی پێنج ساڵ زیندان و ئەشکەنجەی سیستماتیکە، ئایا کوردەکان جگە لە شاخەکان دۆستێکی دیکەیان نییە؟\".

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە لەو ڕۆمانەدا، باسی لە هەڵسووکەوتی نامرۆڤانە و نابەرانبەر لە هەمبەر بە خۆی لە ماوەی ئەو ٥ ساڵە لە زیندانی دوورگەی مانووس دەکات.

بێهروز بووچانی، ئەو ڕۆمانەی لە سەر موبایل نووسیوویەتی و یەکێک لە گۆڤارەکانی ئوسترالیا سەبارەت بەو ڕۆمانە نووسیوویەتی: \"لە نووسینەکەی بووچانی دیارە کە ناوبراو کەسێکی خوێندوار و فەلسەفییە\".

ساڵی ٩٦، ئەو فیلمساز کوردە، لە دێکۆمێنتارێکدا بە ناوی \"چوکا\" ژیان و بارودۆخی پەنابەرانی لە کەمپەکانی \"مانووس و نارۆ\" ی بە شێوەی فیلم بەرهەم هێنابوو.

ئەو فیلمە دێکۆمینتارییە کە بە موبایل دروست کرابوو، لە فێستیڤاڵی لەندەن بە سێ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی پێشان درا.

بێهرووز بووچانی، خەڵکی شاری ئیلامە و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وانە، چوار ساڵ له‌مه‌و‌به‌ر تووشی گرفت بووە و ئێران و کوردستانی بەجێ هێشتووە، له‌م چوار ساڵەدا لەسه‌ر ئه‌م که‌مپه کاری ڕۆژنامه‌وانی و مافی مرۆڤی کردووه و لە ڕۆژنامه نێونه‌ته‌وەیییەکانی وەک ڕۆژنامەی \"گاردییه‌ن\" و \"هافینگتۆن پۆست\" بابەت دەنووسێت.