نووری بریمۆ: هیچ هێزێك لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی سووریە نەكراوە

21:16 - 31 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: نووری بریمۆ نوێنەری \"الپارتی\" لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە هەرێمی كوردستانەوە هیچ هێزێكی چەكدار رەوانەی كوردستانی سووریە نەكراوە.

دوای ئەوەی چەندین سایت و هەواڵدەریی هەواڵی رەوانە كردنی 650 هێزی چەكدار لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ كوردستانی سووریەیان بڵاو كردەوە، ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندیی بە نووری بریمۆ نوێنەری \"الپارتی\" یەوە كرد و بەم چەشنە دوا:

ماوەیەك لەمەوبەر ژمارەیەك هاووڵاتیی كوردی سووریە پەنایان هێنایە هەرێمی كوردستان و لە كەمپێك گیرسانەوە و ئەو هاووڵاتییانە ئیستاش هەر لە خاكی هەرێمی كوردستانی عێراقن.

بریمۆ ئەوەشی خستە روو، هەواڵی رەوانە كردنی هێز لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ سوورسە شتێكی بێ‌ بنەمایە و دوورە لە راستی.

رۆژی هەێنی ریكەوتی 30‌ی پووشپەڕ ژمارەیەك لە راگەیەنەكان هەواڵی رەوانە كردنی 650 هێزی چەكدارییان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ سووریە بڵاو كردەوە.

سەرچاوەكان ئەوەشیان خستبووە روو، ئەو هێزانە هاووڵاتییانی كوردی سووریەن و لە فێرگەیەكی نیزامی لە دهۆك مەشقیان پێكراوە.