نوشیروان مستەفا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد

15:51 - 29 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە هۆی نەخۆشی درێژخایەن لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٩ی بانەمەڕ، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان \"نەوشیروان مستەفا ئەمین\" بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

هەواڵی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، لە لایەن شۆڕش حاجی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆران لە کەناڵی\"k.n.n\"ی زمانحاڵی ئەو بزووتنەوەیەوە ڕاگەیەندرا.

نەوشیروان مستەفا ئەمین خاوەنی پێشینەیەکی دوورو درێژی خەباتە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازنەی گەلی کورد لە باشووری کوردستان.

سەرەتای کاری سیاسی نەوشیروان لە دەیەی ٦٠ی زایینی سەدەی ڕابردوو بە ئەندام بوون لە پارتی دێموکراتی کوردستانی_عێراق دەستی پێکردووە و بە دەرکردنی گۆڤاری\"ڕزگاری\" یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی پارتی بووە.

پاش جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە پارتی لە ساڵی ١٩٦٤، ناوبراو باڵی مەکتەبی سیاسی هەڵبژارد و دواتر لە ساڵی ١٩٧٠ زایینی لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە \"کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان\" یان دامەزراند؛ دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕوو لە وڵاتی ئوتریش دەکات و ماستەری لە بەشی زانستە سیاسیەکان لەو وڵاتە تەواو دەکات.

ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان، پاش ڕێککەوتنی\"ئەلجەزایر\" و نسکۆی شۆڕشی گەلی کورد لە باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە یەکیەتی نیشتمانی کوردستانیان دامەزراند.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٧٦ی زایینی هەتا ٢٠٠٦ کە واز لە کاری حیزبی دێنێ کەسی دووهەمی یەکیەتی نیشتمانی بووە.

نەوشیروان لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ هەڵبژاردنی پارلمانی کوردستان لیستی گۆڕانی دروستکرد.

ناوبراو خاوەنی چەندین کتێبی مێژوویی و ئەدەبییەو کتێبی\"کورد و عەجەم\" یەکێک لە کتێبە دانسقەکانی ناوبراو دەژمێردرێت.